کۆمیسیۆن: رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن سەدا 38ـی تێپەڕاندووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەدا 38ـی تێپەڕاندووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، “تاوەکو ئێستا رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەدا 38ـی تێپەڕاندووە”.

بە گوتەی نیبراس ئەبو سۆدە، رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کەرکووک گەیشتووەتە سەدا 39، سلێمانی سەدا 45، هەولێر سەدا 46 و دهۆکیش سەدا 30ـی تێپەڕاندووە.

لەبارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش؛ یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی گوتی، لە پارێزگاکانی دیالا و نەجەف رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن گەیشتووەتە سەدا 38، لە موسەننا سەدا 49 و لە پارێزگای بەسرەش گەیشتووەتە سەدا 46.

یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە هیچ پێشێلکارییەک لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکرابێت؛ گوتیشی، “هیچ ئامێرێکی دەنگدان لەکارنەکەوتووە و پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت”.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە. 

ھەواڵی زیاتر