باندێک زیاتر لە 100 باڵەخانەی حکومەت و هاووڵاتییان دەفرۆشن

دادگای لێکۆڵینەوەی عێراق رایگەیاند، باندێکی ساختەی خانووبەرەی سەر بە دەوڵەت، هەستاوە بە فرۆشتنی زیاتر لە 100 باڵەخانەی حکومەت و هاووڵاتتییان، بە بڕیاری دادگا تاوانباران دەستگیرکراون.

ئەنجومەنی دادوەری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، دوای بەدواداچوون و زانیاری لەسەر بوونی باندێک ساختەی خانووبەرە سەر بە حکومەتی عیراق لە بەغدا، هەستاوە بە ساختەکردنی زیاتر لە 100 موڵک و باڵەخانەی حکومەت و هاووڵاتییان، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوە، تاوانباران دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشدا، باندەکە بریتیە لە 17 تاوانبار، لەناویاندا شەش کارمەند لە بەشی تۆماری خانووبەرەی سەر بە حکومەتی عێراقن، هەروەها دەست گیراوە بەسەر چەندین بەڵگەنامەی ساختە و چەند ئامێرێکی ساختەکردن کە تاوانباران بەکاریان هێناوە.

راشیگەیاند: “تاوانباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە نزیکەی زیاتر لە 100 موڵکی حکومەت و هاووڵاتییانیان بە ساختە فرۆشتووە، کە موڵکی شارەوانی بەغدا و وەزارەتی دارایی عێراقیشی تێدایە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “تاوانباران دەستکاری تۆماری خانووبەرەی خاوەنەکانیان کردووە، دواتر بە پارەیەکی زۆر بە هاووڵاتییانی دیکەیان فرۆشتووە”.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەستی پێکردووە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ تۆمەتبارە هەڵاتووەکان دەرچووە، کە ژمارەیان زیاترە لە 60 تۆمەتبارە.