له‌ عێراق پاره‌یه‌كی زۆر حه‌په‌لووش ده‌كرێت, 35 ترلیۆن دینار دیار نامێنێت

ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ئابووری عێراقن ده‌زانن له‌م ساڵانه‌ی دوایی عێراق تووشی چ فه‌زیحه‌تێكی گه‌وه‌ری دارایی و ئیداری بووه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌م باره‌وه‌ ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، محەمەد نووری، دیارنه‌مانی 35 ترلیۆن دیناری عێراقی ئاشکرا كرد، هاوکات ئاماژەشی بەوە كرد، كه‌ قەبارەی قاچاخچێتی گەیشتووەتە 60-70% و زه‌حمه‌ته‌ به‌م شێوه‌یه‌ کۆنتڕۆڵ بکرێت.

دیارنەمانی 35 ترلیۆن دینار
نووری له‌ لێدوانێكی بۆ کەناڵی سۆمەرییە ڕایگەیاند: “زیاتر لە 35 ترلیۆن دیناری عێراقی لە ناوخۆی عێراقدا دیار نه‌ماوه‌، له‌ كاتێكدا تەنها دوو وڵاتی دراوسێ هەن، کە بە دینار مامەڵە لەگەڵ عێراقدا دەکەن، هەروەها پێش زیاتر لە 3 مانگ لەمەوبەر، 4 ترلیۆن دیناری عێراقی چاپی (50)هه‌زاری داخڵ کراوە. هاوكات دارایی و بانکی ناوەندی، پرسی بۆندەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دیناری عێراقی خستووه‌ته‌ به‌رباس، بەڵام تەنها توانیویانه‌ یەک ترلیۆن کۆبكه‌نه‌وه‌.”
هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشکرد، باڵاده‌ستیی حزبه‌كان و پشكپشكێنه‌یی لە ناو سیستەمی داراییدا به‌رچاو و ئاشكران، هه‌ر ئه‌مه‌ش‌ شکستی به‌ ئابووریی عێراق هێناوه.
هیچ وڵاتێک نییە تا ئێستا پشت بە هەژماری کاغەزی ببەستێت و هیچ حسابێکی کۆتایی لە بانکەکاندا نەبێت، سیستەمی دارایی دەبێت سەربەخۆ بێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتدا بەدەست بهێنێت.”
تۆمەتەکان دژی بانکی ناوەندی
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “بانکەکانی حکوومەت لەلایەن وەزارەتی دارایی و سەرۆکی حکوومەتەوە کۆتوبەند كراون” باڵاده‌ستیی هەندێک لایەن بەسەر بڕیارەکانیدا کاریگەری خسته‌ سه‌ر نرخی دۆلار و گەورەترین هەڵەش دیاریكردنی نرخی دۆلار بوو لە بودجەدا : 132 هه‌زار دینار به‌رانبه‌ر 100 دۆلار، چونکە عێراق به‌مه‌ زیاتر لە 9 ترلیۆن زیانی پێگه‌یشت، جیاوازیی نێوان نرخی بانكی ناوه‌ندی و بازاڕیش زۆر بوو”.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو کەسەی بەرپرسیارە لە سیاسەتی دراو لە عێراقدا “یەدەگی فیدراڵی ئەمریکایە، پارە تەنها بە ڕەزامەندیی ئەمریکا نەبێت نادات و هەرکەسێک پێی وابێت عێراق بواری ئابووری کۆنترۆڵ كردووه‌، خەون دەبینێت.”
ته‌شه‌نه‌كردنی ماددەی هۆشبەر
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به وه‌شدا که “عێراق له سایه‌ی حکوومه‌تی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا بووه‌ته سه‌رچاه‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌کان. قه‌باره‌ی قاچاخی گه‌یشتووه‌ته 60-70%، . بەهۆی قاچاخه‌وه ‌هاورده‌کردنی (جگه‌ره ، زێڕ و مۆبایل و کحول) سوودی بۆ عێراق نییە ، قەبارەی ئەو دۆلارانه‌ی لە ناوخۆی عێراق دەفرۆشرێن له‌به‌ر قاچاخچێتی پێداویستییەکانی وڵات پڕناكه‌نه‌وه‌. دەبێت قاچاخچێتی سنووردار بکرێت، بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە کراوەکان، به‌ هەندێک له‌و‌ ده‌روازانه‌ش، کە لەلایەن حزبه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.
وه‌ستانی پڕۆژه‌كان
ئاماژەی بەوەش کرد، كه‌ به‌ هه‌ده‌ردانی دیناری عێراقی، زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و لەئەنجامدا زۆرێک لە پڕۆژە بچووکەکان و پێشینەی بیناسازی وەستان، جەختیشی کردەوە، كه‌ ئابووریی عێراق بەتەواوەتی بەستراوەتەوە بە ئەمریکاوە، پێشتر به‌ سێ كه‌ڕه‌ت دۆلارامان وه‌رده‌گرت، ئێستا ته‌نها یه‌ك جاره‌.
“سزاکانی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکایش بووە هۆی ئاڵۆزیی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو. ئه‌مریكا به‌پێی ئه‌و مووشەکانەی له‌ بنکەی عەین ئەسەد و باڵیۆزخانەکەی ده‌گیرێن، مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات.”
هەرچەندە گەندەڵی لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لە عێراقدا ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، بەڵام ئەو دادگاییکردنانەی کە لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕوو ده‌كرێن کەمن، ئەگەر بشكرێن، ته‌نها بەرپرسه‌ بچووكه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.