هەڵوێستی ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق دژی گرووپە میلیشیاکان توندتر دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر فڕۆکەخانە، بنکە سەربازییەکان و شوێنە دیپلۆماسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی ئەمەریکای بەدواوە بووە و هۆشداری داوە لەوەی چی تر ئەم دۆخە قبوڵ ناکات. هاوکات هەڵوێستی حکوومەتی سوودانیش لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە توند بووە و پێی وایە ئەو گرووپانە بەم کارانەیان ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخەنە مەترسییەوە.

ڕۆژی هەینی هەشتی کانوونی یەکەم، لە ڕێگای چەند مووشەکێکەوە هێڕش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئێوارەی هەمان ڕۆژ، دوو جار بە درۆن هێڕش کرایە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئامانج لە هێڕشەکە ئەوە بوو زیان بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بگەیەنن بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو. هەر لەو ڕۆژەدا، بارەگای فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا وەبەر مووشەک درا.
ئەمەریکا خێرا بەرانبەر ئەو هێڕشانە هەڵوێستی وەرگرت و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە توندی ئەو هێڕشانەی سەرکۆنە کرد و ڕای گەیاند ئەوانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەکەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن و لە عێراق مەیدانیان پێ دراوە کار بکەن و لە لایەک بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و لە لایەکی تر بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.
دوای ئەو هێڕشانە هەر یەک لە دژە تیرۆری کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان بڵاویان کردەوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا و بە خۆشییەوە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو. ئەنجوومەنی ئاسایش وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد ڕێ لەو هەوڵانەی گرووپە لە یاسادەرچووەکان بگرێت.
هەرچەندە پێشتریش چەندین جار هێرشی گرووپە میلیشیاکان بە تایبەتی لە دوای جەنگی غەزە، بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان ڕووی داوە بەڵام ئەم جارە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناچار کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق ساز بکات .
محەممەد شیاع سوودانی، لە دوای کۆبوونەوەکە پێداگری لەوە کرد کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان هەر بارەگایەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازیی لەو هەڵوێستەی سوودانی کرد و دواتر لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە سوودانی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەری و پێداگریی لە گرنگیی پاراستنی سەرباز و کارمەندە ئەمەریکییەکان لە عێراق کردووەتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و ژماریەک گرووپی تر کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن ڕۆڵیان هەبووە لەو هێڕشانە و خۆیان بەرپرسیارێتیی زۆربەی هێڕشەکانیان وە ئەستۆ گرتووە.
جێگای باسە ڕۆژێک پێش ئەم هێڕشانە، پێنتاگۆن ئاماری هێڕشەکانی دوو مانگی ڕابردووی ڕاگەیاندبوو و گوتبووی لە عێراق و سووریا حەفتا و هەشت هێڕش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، سی و حەوت هێڕشیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و چل و یەک هێڕشی تر کراونەتە سەر سووریا و بە هۆیانەوە زیاتر لە شەست سەرباز و ڕاوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دا. بەو پێیە لەگەڵ هێڕشەکانی هەینی ژمارەی هێڕشەکان بۆ هەشتا و دوو هێڕش زیادیان کردووە.
ئەمەریکا چەند جارێک وەڵامی ئەو هێڕشە تیرۆریستییانەی داوەتەوە کە گرنگترینیان لە سێی کانوونی یەکەم بوو و بە درۆن هێڕشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە پارێزگای کەرکووک لەناو بران.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و پێنج سەد ڕاوێژکاری سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و نزیکەی نۆ سەد سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیر کردووە.
گرووپە میلیشیاکانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن و لەم دواییانەدا پرسەکەیا تێکەڵاوی شەڕی غەزە کردووە و پێیان وایە بەم کارانەیان و بە شێواندنی ئاسایشی عێراق، بەرگری لە مافی فەلەستینییەکان دەکەن.

ھەواڵی زیاتر