دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوانەی حکومەتی عێراقی “بە شێوەیەکی کاتی” گەڕاندەوە کە بەوەکالەت بەڕێوەدەبڕێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق “فەرمانێکی وەلائی” دەرکرد بەمەبەستی بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکانی دارایی و کارگێڕی بۆ ئەو دامەزراوانەی حکومەتی عێراق کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبڕێن، “تا ئەو کاتەی دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە”.
بە پێی ماددەی 71ـی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی، وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، لەبەرواری 01-12-2023، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی ئەو پۆستانە بەکاربهێنن.
بە گوێرەی بڕیارەکە دادگای فیدراڵی، جێبەجێکردنی ماددەی 71ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی ئەو دامەزراوانەی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، رادەگیرێت تاوەکو ئەو دۆسیەی لە دادگاکە لە دژی ماددەکە تۆمارکراوە، یەکلایی دەکرێتەوە.
بەم پێیەش، دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکانی هەر یەکە لە مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق کە هەردووکیان کوردن، دەگەڕێنەوە.
پێشتر مەسعود حەیدەر، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی رایگەیاندبوو، پرسەکە “کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان”. گوتیشی، “پابەندی یاساین”.