عێراق چوار کەس بەهۆی دروستکردنی درۆن و بۆمبی چێندراو لە سێدارە دەدات

رۆژی دووشەممە، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار کەس دەرکرد، بەتۆمەتی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمبی چێندراو بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان، عێراق هەوڵدەدات بەکارهێنانی چەک لەسەر خاکەکەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە لایەنە چەکدارەکان سنووردار بکات، کە بەشێکیان بنکە ئەمەریکییەکانیان کردووەتە ئامانج.

سەنتەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، “تیرۆریستان پاڵپشتی لۆجستییان بۆ باندە تیرۆریستییەکانی داعش کردووە بۆ بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان”.

رۆژێک پێش دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو چوار تۆمەتبارە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ کەریم ئەحمەد خان، داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کۆبوویەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سوودانی، “سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە هاوکاری عێراق بکات و پشتیوانی بکات لە دەستنیشانکردنی لایەنگرانی تیرۆر لەو وڵاتەدا”.

لە میانی دیدارەکەدا “باسیان لە میکانیزمی هاریکاری نێوان حکومەتی عێراق و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ لێپرسینەوە لە ئەندامانی باندە تیرۆریستییەکانی داعش کە تاوانیان لە عێراق ئەنجامداوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ ئەو هەزاران قوربانییەی دەستی تیرۆر”.

سوودانی جەختی لەسەر پێویستی “پاڵپشتیکردنی عێراق لە دادگاییکردن و لێپرسینەوە لەو چەکدارانەی داعش کردەوە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی عێراقییەکان و کۆمەڵکوژی دڕندانەیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە”، ئاماژەی بەوەشدا، “عێراق بە ناوی جیهانەوە شەڕی تیرۆری کرد، توانی شکستی پێبهێنێت و قوربانی زۆری دا بۆ ئەوکارە”.

کەریم ئەحمەد خان، جەختی کردەوە، لەسەر سووربوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی عێراق، دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان، گوتیشی: عێراقییەکان لە رێگەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیانەوە داعشیان تێکشکاند.