پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فڕۆکەیەکی پڕ لە زێڕ لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەنیشێتەوە

دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی تایبەتی راگەیاند، کە 114 کیلۆ گرام زێڕی هەڵگرتبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا، فڕۆکەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتووەتەوە، کە 114 کیلۆ گرام زێڕی هەڵگرتبوو، زێڕەکە بایی 2.7 ملیۆن دۆلارە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا، بەخێرا لێکۆڵینەوەیان لەم بابەتە کردووە، کە لەناو فڕۆکەکەدا چوار سەرنشین هەبوون، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر چوار کەسەکە بە فڕۆکەوانەکەوە کرا، دوای پشکنینی بەڵگەنامەکان دەرکەوت زێڕەکە هی فڕۆکەوانەکەیە.

دوای چەندین کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە، ئەو بازرگانە نهێنی ئەم سامانە زەبەلاحەی ئاشکرا کرد، کە لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە دوبەی کە تایبەتە بە بازرگانیکردن بە گرێبەست و پشک و زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە وەبەرهێنان و بازرگانی کردووە، ئەم کۆمپانیایە وەبەرهێنانی گەورە و سەرکەوتووی بەڕێوەبردووە و خاوەنی فڕۆکەکە پشکێکی زۆری لە قازانجەکانیدا هەبووە.

دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، خاوەن گەنجینەکە پابەند بووە بە هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە سەروەت و سامانی داراییەوە، کارەکانیش لەسەر بنەما شەرعیەکان بووە، دوای پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی ئەو پارە و زێڕە و بەدواداچوون بۆ چالاکی و تۆماری ئەو بازرگانە، ئازاد کرا و رێگە بە فڕۆکەکە درا بەردەوام بێت لە گەشتەکەی.