سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سێ بەرپرسی داعش لە سنووری کەرکووک کوژران

دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، دوای شەڕێکی چەند کاتژمێری توانیویانە سێ بەرپرسی دیاری داعش لە “وادی زغیتون”ـی سەر بە پارێزگای کەرکووک بکوژن.

یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراویکدا گوتی: دەزگای دژە تیرۆر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر داعش لە وادی زغیتون سەر بە پارێزگای کەرکووک ئەنجام دا، لە ئانجامدا سێ چەکداری داعش کوژران، کە یەکێکیان بەرپرسی کەرتی ریاز بووە، ئەکێکی دیکەیان بەرپرسی ئابووری داعش بووە.

گوتیشی: “یەکێک لە چەکدارەکانی داعش بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکان کوژرا، تاوانباری دووەمیش دوای رووبەرووبونەوە و گەماڕۆدان بە پشتێنی بۆمبرێژکراو خۆی تەقاندەوە، سەبارەت بە داعشی سێیەم یەحیا رەسول گوتی: لە ماڵێکی چۆڵ رووبەرووی هێزە ئەمنییەکان بووە، کە چەند نارنجۆکێکی پێبووە، دواتر کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، کوشتنی ئەو بەرپرسانەی داعش دوای رووبەرووبونەوەیەک درێژ هات، کە شەڕەکە ماوەی شەش کاتژمێری خایاندووە، کە کارمەندێکی دژە تیرۆر کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون.