لە کەمتر لە مانگێک، 60 هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

لەدوای زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، ئەمریکا هۆشداری تووند دەداتە ئەو گرووپانە، بەڵام جگە لەوەی ئەو هێڕشانە بە زیان بۆ ئاسایشی عێراق شکاوەتەوە، ئەمریکا خۆیشی دەستی کردووە بە چەند هەنگاوێک لەوبارەوە، لەوانە ڕاگرتنی گۆڕینەوەی زانیاری و هەواڵگری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق.

بەپێی زانیاریی بەرپرسانی عێراق ئەمریکا پەیوەندی زانیارییەکانی لەگەڵ عێراق پچڕاندووە بەتایبەت لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد پاش ئەو هێڕشانەی لەماوەی ڕابردوودا کراون .
بەپێی زانیاری بەرپرسانی عێراق ئەو هەنگاوەی ئەمریکا پاش زنجیرەیەک هێڕش بووە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، جگە لەوەش ئەمریکا هەنگاوی دیکەی پێشوەختەی گرتووەتە بۆ ڕێگریی لە هێڕشی دیکە، ئەمریکا لەو باوەڕەدایە کە ئەو هێڕشانە و زانیارییەکان لەبارەی بنکەکە لە نێو ئەو بەرپرسە سەربازیانەوە دزەی کردووە بۆ نێو ئەو لایەنانەی هێڕشەکان دەکەن؛ بەڵام وەزارەتی بەرگری عێراق لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە رەتی کردەوە ڕاهێنانەکان وەستابن و دەڵێ :” پرۆگرامی ڕاهێنان بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە.”
دوایین هێڕش ڕۆژی پێنجشەممە بوو کە بە دوو درۆن و دوو مووشەک کرا، بەڵام زیانی نەبوو. هاوکات کاتیوشا و درۆنی دیکە ڕۆژانە دەهاوێژرێن بۆ سەر ئەو بنکانە بەڵام زۆربەیان بەرپەرچ دەدرێنەوە، لەوەی شەڕ لە غەززە دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆر هێرش کراونەتە سەر بنکەکانی عەین ئەسەد و بنکەی دیکە،وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ ئەو هێڕشانە جیدین و قبووڵکراو نین
پەیمانگەی واشنتۆن بڵاوی کردەوە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا نزیکەی 60 هێڕش کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا هەموو ئەو هێڕشانە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ” مقاوەمەی ئیسلامی” کراون لە 18ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان بەو هێڕشانە کردووە و ڕۆژانە هێڕش دەکەن .
لە 18ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، لانیکەم 42 جار هێڕشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی درۆنەوە کراون.
واشنتۆن لە چوارچێوەی وەڵامیدا بۆ هێڕشەکان ڕۆژانی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد
بەپێی زانیاری پێنتاگۆن، ئەو هێڕشانە پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە نییە و دەڵێت، “ئەو هێڕشانە ئامانج لێیان بەرگریکردنە و بۆ پاراستن و بەرگریی لە کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کراون و جیاوازن لەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروست ناکەن”
‘مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق’ گرووپێکی چەکدارە بەڵام دیار نییە سەر بە کێن و کێ پشتیوانیان دەکات تەنانەت سەرکردەشیان دیار نییە.
ئەوان بەرپرسیارێتی هێڕشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە خۆراوا و باشووری کوردستانی لە دوای شەڕی غەززە گرتووەتە ئەستۆ.

ھەواڵی زیاتر