هێلی ئاسمانی عێراقی یەکەم گەشتی راستەوخۆی بۆ بەرلین ئەنجامدا

هێلی ئاسمانی عێراقی ئەنجامدانی یەکەم گەشتی راستەوخۆی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی بەرلین راگەیاند، ئەمەش دوای هەڵگرتنت قەدەغەی ئەوروپی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا عێراقییەکە.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) هێلی ئاسمانی عێراقی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ چەند فڕۆکەخانەیەکی هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و دانیمارک راگەیاند و یەکەم گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی بەرلین ئەنجامدا.

هێلی ئاسمانی عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاراستەی یەکەم گەشتی فڕۆکە عێراقییەکەی ئاشکرا کرد کە بە ئاراستەی بەغدا – هەولێر – بەرلین فڕیوە و ئەمەش دەبێتە یەکەم دەستپێکی

پیشتریش لە رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاندبوو، لە 10ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەی وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دەستپێدەکاتەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، هەفتانە حەوت گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و فڕۆکەخانەکانی دۆسلدۆرف، فرانکفۆرت، بەرلین، کۆبنهاگن و میونخ لە رۆژی 10ـی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

هاوکات وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونیکردووەتەوە، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییە بەشێوەی هاوبەشی دەبێت، ئەمەش دوای گفتوگۆ و هەوڵێکی زۆر دێت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی ئەوروپی لەسەر گەشتکردنی فڕۆکەکانی هێلی ئاسمانی عێراقی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە لە ساڵی 2009ـەوە رێگە بە گەشتی هیچ فڕۆکەیەکی عێراقی نەدراوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی.