چالاکوانێک: بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە ماددەی هۆشبەر لە کەرکووک زیادیکردووە

چالاکوانێک لە کەرکووک رایدەگەیەنێت: “گرووپە چەکدارەکان لە کەرکووک هۆکارن بۆ زیادبوونی رێژەی ماددە هۆشبەر، پلانێکی سیاسییە و “دەیانەوێت لە رێی ماددەی هۆشبەرەوە پرسی نەتەوەیی لە مێشکی گەنجان بسڕنەوە”.

ئاهەنگ ئەنوەر، چالاکوان لەشاری کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: “ماددەی هۆشبەر بووەتە بابەتێکی مەترسیدار لە کەرکووک و کوردستاندا، مەترسییەکانی هیچی کەمتر نییە لە مەترسی تیرۆر، کاریگەری خراپی زۆرە بەسەر گەنجەکان، لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون”.

گوتیشی: “بەبڕوای من ئەوە پلانێکی سیاسییە، دژ بە کورد و کەرکووک، بە تایبەت بەکار دەهێندرێت، بۆ ئەوەی گەنجەکان بێ ئاگابن لە پرسە نەتەوەیی، نیشتمانی و داهاتووی وڵات، هەروەها ماددەی هۆشبەر بووەتە هۆی زیادبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەناوەندەکانی قوتابخانە و زانکۆکان، کە بووەتە هۆکاری ئەوەی بەشێک لە قوتابیان دوورکەونەوە لە خوێندن، هۆکارێکی تریش، بێکاری گەنجان و ناجێگیری دۆخی ئەمنییە”.

ئاهەنگ ئەنوەر ئەوەی ئاماژەی بەوەشکرد، “ماددەی هۆشبەر، بەهۆی گرووپە چەکدارە نا ئاساییەکانەوە دێتە ناو خاکی کەرکووک، کۆنتڕۆڵ نەکردنی بازگەکان و خاڵی پشکنین، تا ئاستێکیش ئەوان هاوکارن لە هێنانی بۆ ناو خاکی کەرکووک”.

ئەو چالاکوانە، دووپاتیشی کردەوە: “رۆژانە لە رێگای دادگاکانەوە، دەبینین رێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە، لە هەردوو رەگەز، هەردوو رەگەزیش قوتابی تێدایە، بۆیە ئەو رێژەی کە دەیبینین مەترسییە لە کۆمەڵگەدا”.

باسی لەوەشکرد، “ئێمە ساڵانێکە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکەین، پلانێکی تۆکمە هەیە بۆ ئاڵودەبوونی گەنجان لە کەرکووک، بەو پێیەی کەرکووک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، خەڵکی ئەم ناوچەیە خەڵکێکی نەتەوەییە، بۆ ئەوەی پرسی نەتەوەیی لە مێشکی گەنجان ببەنە دەرەوە، ئەم پلانەیان داناوە، و لایەنی ئەمنی ئەم سنوورە، کەمتەرخەمە، هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی ئەم مادەیە لە کەرکووک”.