بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ وەک پێشتر لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕاگەیەنرابوو، بانگەشەی هەڵبژاردن لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. بانگەشەی هەڵبژاردن بڕیارە تا ١٥ی ئەم مانگە درێژەی هەبێت و لە بەرەبەیانی ١٦ی مانگەوە بانگەشە قەدەغە دەکرێت.

ڕۆژی ١٧ مانگ دەنگدانی تایبەت و ١٨ی مانگیش دەنگدانی گشتیی بەڕێوە بچێت. هەڵبژاردنەکە بە تایبەتی بۆ کورد لە کەرکووک زۆر گرنگە و لایەنەکانی کوردستان لەم پارێزگایە دوای هەژدە ساڵ لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدان.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ گەلی کورد گرینگە ئەو پارێزگایانەن کە بەشێک یان تەواوی سنووری پارێزگاکە کەوتوونەتە سنووری مادەی سەد و چل و هەر یەک لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە لەخۆ دەگرێت. ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنەکانی ئەو پارێزگایانە تا زیاتر بێت ئەوا پێگەی کوردیش بەهێزتر پێشان دەدات.
لەنێو ئەو پارێزگایانەش هەستیارترین و گرنگترین پارێزگا بۆ کورد کە دەبێت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرترین بایەخی پێ بدرێت و چارەنووسسازە، پارێزگای کەرکووکە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی دووەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ لەو پارێزگایە بەڕێوە دەچێت و لە لایەکی تر کورد لە دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی ئەو پارێزگایەی لەدەست داوە و یەکێک لەو ڕێکارە یاساییانەی وا دەکات جارێکی تر دەسەڵاتی کوردی باڵ بەسەر ئەو پارێزگایەدا بکێشێت و کوردستانیبوونی کەرکووک پشتڕاست بکاتەوە ئەوەیە لایەنە کوردستانییەکان بتوانن زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک مسۆگەر بکەن.
لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ گەلی کورد کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە لیستی برایەتی بەشدارییان کرد زۆرینەی کورسییەکانیان مسۆگەر کرد و بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی یاسایی ئیدارەی پارێزگاکەیان بەدەستەوە گرت. لە هەڵبژاردنەکە کورد لە کۆی چل و یەک کورسی بیست و شەش کورسی بەدەست هێنابوو.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا چاوەڕوانیی ئەوە لە لایەنە سیاسییەکان هەبوو تا دیسان بۆ پاراستنی کوردستانیبوونی کەرکووک و دووبارە دەستەبەرکردنی دەسەڵات لەو پارێزگایە بە یەک لیست بەشداری بکەن بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وای کرد نەک لیستێک بەڵکوو فرەلیستی کوردی لەم پارێزگایە هەبێت.
سەرەڕای ئەم خاڵە نەرێنییە، گرنگ دەبێت ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لە بانگەشەکانیان هەوڵی راکێشانی دەنگی زۆرترین دانیشتووی کەرکووک بدەن و زۆرترین هاووڵاتیی کورد بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ ئەگەر ئەم جارە بە لیستی برایەتی بەشدارییان نەکردووە، دەکرێ لایەنە براوەکان بە گوتاری برایەتی لەیەک بەرەدا حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بەدەستەوە بگرن.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیارە هەڵبژاردن بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوە بچێت و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستمەش ئەوەیە حزبە بچووکەکان شانسی دەستخستنی کورسییان زۆر کەم دەبێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بڵاوی کردووەتەوە بە وردی چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن و سەرووی دوو سەد و شەش هەزار فەرمانبەریان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکە بکەن .
كۆی ژمارەی كورسییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی عێراق دووسەد و هەفتا و پێنج کورسییە کە دووسەد و سێ کورسی بۆ پیاوان و هەفتا و دوو کورسی بۆ ژنانە جگە لە تەرخانکردنی دە کورسی بۆ پێکهاتەکان کە بە گشتی ژمارەی کورسییەکان دەگەیەنێتە دو سەد و هەشتا و پێنج کورسی.

ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە شازدە ملیۆن و سەد و پەنجا و هەشت هەزار و حەوت سەد و هەشتا و هەشت کەسە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و دوو هەزار و سێ سەد و نەوەد و سێ کەسیان دەنگدەری تایبەتن . ناوەندەکانی تایبەت بە دەنگدەرانی گشتی ژمارەیان حەوت هەزار و سەد و شەشت و شەش ناوەندە کە بەسەر سی و پێنج هەزار و پێنج سەد و پەنجا و سێ بنکەدا دابەش دەبن، ناوەندەکانی تایبەت بە دەنگدەرانی تایبەتیش پێنج سەد و شەست و پێنج ناوەندن و لە دوو هەزار و سێ سەد و شەست و حەوت بنکە پێک دێن.

هەڵبژاردنەکە بۆ کورد لە کەرکووک زۆر چارەنووسسازە و ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانییەکانی کەرکووک دەکرێ لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکی بێگەرد سەنگ و پێگەی خۆیان لەم پارێزگایە دەستنیشان بکەن و دواتر دەنگ و کورسییەکانیان بخەنە سەر یەک و بە گوتاری کوردایەتی جارێکی تر کوردستانیبوونی کەرکووک بسەلمێنن.