ئەمریکا لە عێراق ڕووبەڕووی مووشەکهاوێژ و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان دەبێتەوە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

تێکشکێنەری دەریایی ئەمریکا لە کەناراوەکانی یەمەن ژمارەیەک درۆنی تێکشکاندن کە ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کران، ئەمریکا ڕایگەیاندووە بە تووندی ڕووبەڕووی مووشەکهاوێژ و ئەوانە دەبینەوە کە درۆن دەنێرن بۆ سەر بنکەکانمان.

چوارشەممەی ڕابردوو کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی لەماوەی 9 سەعاتدا 15 درۆنی خستە خوارەوە خستنە خوارەوەی ئەو درۆنانە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەربازانی کە ئێستا لە عێراق، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە جاران بە درۆن هێڕشیان دەکرێتە سەر .
ماڵپەڕی تاسک- پێرپەسی ئەمریکی کە تایبەتە بە چالاکییە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا دەڵێ : دوو رۆژ پێش تێکشکاندنی هێڕشەکەی یەمەن سوپای ئەمریکا دوو درۆنی دیکەشی لە عێراق بۆ سەر بنکەی عەین ئەلئەسەد تێکشکاند لەگەڵ تێکشکاندنی درۆنێک لە بنکەی هەریر کە سەرباز و ڕاوێژکارانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
لە پاش ئەو هێڕشانە بە درۆن ئەمریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا کە بە ناوی وەزارەتی بەرگری بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند: پلانیان داناوە بۆ بە‌هێزترکردنی شوێن و پێگەیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگر، دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکە و ئامادەکردنی هێزێکی سەربازی بۆ وەڵامدانەوە لەکاتی پێویست.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێ: ئەم هەنگاوانە هەوڵەکانی خۆپاراستنی ناوچەیی زیاتر دەکەن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێ: جگە لەوە سیستەمی THAAD بۆ بەرگریی لە هێزەکانیان بەگەڕدەخەن ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش لەهەر کاتێک پێویست بێت، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە.
ڕاگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، دوای ئەو هێرشانە دێت کە کرایە سەر چەند بنکەیەکیان لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی چوارشەممە 18-10-2023 بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: توانیمان بەرپەرچی درۆنەکان بدەینەوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو بە درۆن و مووشەک هێڕشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیستراوە.
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق ڕایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ ڕاوێژ و مەشقپێکردنی هێزەکان.
لەو چوارچێوەیەشدا، 2500 سەربازی ئەمریکی و 1000 سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.