لە داهاتی ناوخۆی عێراق گەندەڵییەکی زۆر گەورە دەکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەو گەندەڵییەی لە داهاتی ناوخۆی عێراق دەکرێ زۆر لەوە گەورەترە بیری لێ دەکرێتەوە ئامارە فەرمییەکانی دام و دەزگاکانی عێراق ئەگەر بە وردی سەرنجیان بخرێتە سەر بە ڕوونی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، هەمووان چاویان لە گەندەڵییەکانی ناوخۆ نووقاندووە و خەڵکی عێراقیان بە پرسی لاوەکی و سیاسی خەریک کردووە.

بەپێی خشتەی داهات و خەرجیی ساڵی ڕابردووی عێراق کە پێشتر بە فەرمی لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٢ پتر لە سەد و شەست و یەک تریلیۆن دینار داهاتی هەبووە لەو بڕە زیاتر لە سەد و پەنجا و چوار تریلیۆنی پەیوەندیدار بووە بە داهاتی نەوت و زیاتر لە حەوت تریلیۆن دیناریش داهاتی ناوخۆیی بووە. ئامارەکە دەری دەخات کە عێراق هاوشێوەی دە ساڵ و بیست ساڵی ڕابردوو، سەرووی ٩٥%ی سەرچاوەی داهاتی نەوت بووە و تەنیا ٥% لە داهاتەکانی پەیوەندیدار بووە بە داهاتی ناوخۆوە.
گومانی ئەوە لە ئارادایە عێراق لە داهاتی ناوخۆ زۆر لەو بڕە زیاتری دەست دەکەوێت کە بە فەرمی دەیخاتە ڕوو و تا ئێستا هیچ دەزگا و لایەنێک نەیتوانیووە بە وردی لێکۆڵینەوە لە داهاتەکانی ناوخۆ بکات و قەبارە ڕاستەقینەکەی بخاتە ڕوو، چونکە داتاکان دەری دەخەن ئەو ئامارەی ڕادەگەیەنرێت زۆر لەو داهاتە کەمترە دەستی عێراق دەکەوێت.
باجی داهات و سامان، باجی شمەک و بەرهەمهێنان، ڕسوومات، داهاتی گواستنەوە، داهاتی سەرمایە و گومرگ و سوودی بانکی و چەندان داهاتی تری هەیە کە دەستی عێراق دەکەوێت و ئەگەر سەرجەم ئەو داهاتانە کۆ بکرێنەوە لەو بڕە زیاتر دەکات کە ڕاگەیەنراوە . ناکرێ بگوترێ دە ساڵ لەمەوبەر ئەگەر ڕێژەی داهاتی ناوخۆ لە داهاتی گشتی ٥% بووبێت ئێستاش هەمان ڕێژەیە.
بەپێی ئامارەکە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرووی حەوت تریلیۆن دیناری دەست کەوتووە و ئەوەش بە واتای ئەوە دێت هەموو مانگێک ئەو وڵاتە شتێک زیاتر لە نیو تریلیۆن دینار یان بە واتایەکی تر سەرووی پێنج سەد و دە ملیار دینار داهاتی بووە.
لێرەدا ئەگەر ئەو داهاتە تەنیا لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەراورد بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق چ داهاتێکی زۆری ئاشکرا نەکردووە و گەندەڵی لە چ قەبارەیەکی گەورەی داهات دەکرێت.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ١٧% ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەخەمڵێنرێ و ژمارەی پارێزگانی عێراقیش سەرووی پێنج هێندەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و لە ژمارەی دەروازەی بازرگانی و سنووری ئاوی و وشکایی و وڵاتی دراوسێش دیسان بەراورد ناکرێن و هەموو ئەوانە دەری دەخەن کە داهاتی ناوخۆی عێراق بەراورد بە داهانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لانی کەم دەبێ شەش هێندە بێت.
سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی بۆی هاتووتە کایەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم ڕادەستی بەغدای کردوون مانگانە هەرێمی کوردستان سێ سەد ملیار دینار داهاتی هەبووە و سەرەڕای ئەمە هێشتا بەغدا ئەو گومانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەو بڕە داهاتی زیاتری هەبێت لە کاتێکدا هەر خۆی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان کە بە شەفافی خراوەتە ڕوو قەبارەی گەندەڵیی داهاتی ناوخۆی عێراق دەسەلمێنێت.
هەرێمی کوردستان کە دەوڵەت نییە و داهاتەکانی ناوخۆیشی سنووردارە، داهاتی ناوخۆی نزیکەی ٦٠%ی کۆی داهاتی ناوخۆی عێراقە و بە واتایەکی تر داهاتی ناوخۆی عێراق تەنانەت لە دوو هێندەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کەمترە و ئەمەش دەیسەلمێنێت داهاتی ناوخۆی عێراق گەندەڵییەکی زۆر گەورەی تێدا دەکرێت و دەبێ چەندان هێندە زیاتر بێت.
ئەگەر هەمان ڕێژە بە گریمانە وەربگرین داهاتی ناوخۆی مانگانەی عێراق دەبێ نزیکەی تریلیۆنێک و هەشت سەد ملیار دینار بێت و لەو بڕەش مانگانە زۆر زیاتر لە تریلیۆنێک نادیارە کە لە ساڵێکدا دەکاتە سەرووی دوازدە تریلیۆن دینار.
ئەم گەندەڵییە تەنیا لە داهاتی ناوخۆ دەکرێ و دەبێ لە نەوتدا چ گەندەڵییەک بکرێت؟! هەفتەی ڕابردوو وەزیری نەوتی عێراق لە بەسرا لە میانەی ڕێورەسمی کڕینی کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر بە مێدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند وەزارەتەکەیان لە ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا نۆسەد ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتووە.
ئەگەر تەنانەت سەرووی نیوەی ئەو داهاتەشی بۆ مووچە و بەکاربردن خەرج کرابێت ئەوا خەرجکردنی چوار سەد و پەنجا ملیار دۆلار لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دەیتوانی سیمای عێراق سەد و هەشتا پلە بگۆڕێت و لانی کەم لە کەمیی کارەبا و خزمەتگوزاری ئاو ڕزگاری بێت و شەقامەکانی بە شارستانی بکرێن و ڕێژەی هەژاری و بێکاری نزم بکرێتەوە بەڵام هیچ کام لەو گۆڕانکارییانە ڕوویان نەداوە و عێراق بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.