پاسەوانی سنووری عێراق و ئێران لە هەولێر کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ شاندێکی پاسەوانی سنووری ئێران گەیشتە حاجی ئۆمەران و لەلایەن سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و شاندێکی پاسەوانی سنووری عێراق پێشوازیان لێکرا، بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی سنوورەکان بکەن.

بڕیاربوو کۆبوونەوەی شاندی پاسەوانی سنووری عێراق و ئێران لە حاجی ئۆمەران بکرێت، بەڵام لەسەر داوای شاندی پاسەوانی سنووری ئێران لە هەولێر کۆدەبنەوە.

راشیگەیاند، ژمارەیەک فەرماندەی پاسەوانی هەردوولا بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن و گفتوگۆ لەسەر گرفتە ئەمنییەکانی ناوچە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەکەن.

لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بە نوێنەرایەتی عێراق و عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان کرد. دوو خاڵی نێو رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتن بە چەککردنی لایەنە دژبەرەکانی ئێران، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

رۆژی 19ی مانگی ئەیلوولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران رایگەیاند، کە بارەگاکانی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران چۆڵ کراون و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 1/10/2023، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی بەرەو ئێران سەردانی ئێرانی کرد، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامی شاندەکەیە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، مەبەسەت لە سەردانەکە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێرانە.