وڵاتێک پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی عێراقی راگەیاند

باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق رایگەیاند، دەستمان کردووە بە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی عێراقی، هەروەها تێچووی ڤیزاکەش تەنها 20 دۆلاری ئەمەریکییە.

ناسر مامدۆڤ باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق، دەستپێکردنەوەی پێدانی ڤیزای بەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە دەیانەوێت سەردانی کۆماری ئازەربایجان بکەن لە رێگەی رێکارە ئاسانکراوەکان، لە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە بەغدا راگەیاند.

ئازەربایجان و عێراق، بەنیازن زیاتر پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بدەن لەسەر بنەمای دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتر و هاوبەشی دۆستانە.

مامدوڤ ئاماژەی بەوەدا، کە دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی سەرۆککۆماری ئازەربایجان کە منی وەک باڵیۆزی نائاسایی دەستنیشان کرد، ئێمە دەستمان کردووە بە پێدانی ڤیزا بەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە دەیانەوێت سەردانی ئازەربایجان بکەن، لە رێگەی میکانیزم و ئاسانکارییەوە کە باڵیۆزخانە کورتیان دەکاتەوە.

مامدوڤ دەشڵێت: بە پێی یاسا و رێساکان، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بڕی تێچووی وەرگرتنی ڤیزا تەنها 20 دۆلاری ئەمەریکییە.

حکومەتی ئازەربایجان رێگەی بە هێڵی ئاسمانی عێراقی داوە، کە گەشتی راستەوخۆ بۆ ئازەربایجان ئەنجام بدات و بەپێی داتاکان پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدا و فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە ئەنجام بدرێت، لە قۆناغی داهاتووشدا گەشتی راستەوخۆ لە بەسرە و هەولێرەوە تەرخان ئەنجام دەدرێت.

باڵیۆز لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە کارەکانمان بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی کارە پێویستەکان بۆ زیادکردن و فراوانکردن و چالاککردن و پەرەپێدانی بوارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان.