گوتەبێژی ڤاتیکان رەتیدەکاتەوە پاپا فرانسیس هیچ دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ رەیان کلدانی هەبووبێت و دەڵێت، “تەنها سڵاوێکی کورتی لێ کردووە”.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، ماتیۆ برۆنی، گوتەبێژی ڤاتیکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان هیچ دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن هەبووبێت و ئاماژەی بەوە کرد، “پاپا تەنها سڵاوێکی کورتی لە رەیان کلدانی کردووە”.
گوتەبێژی ڤاتیکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “چوارشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2023، لەمیانی دیدارێکی کراوەدا لەگەڵ خەڵک لە گۆڕەپانی لە کنێستی سانت پیتەر لە ڤاتیکان، پاپا فرانسیس وەکو هەموو جارێک سڵاوی لە ئامادەبووان کردووە؛ لەنێویاندا هەندێک عێراقی، کە بە یاوەی رەیان کلدانی لەوێ ئامادە ببوون و تەنها سڵاوێکی کورتی لێ کردووە”.
رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن، کە پارتێکی مەسیحیە لە دەشتی نەینەوا و باڵی سەربازییەکەشی لیوای 50ی هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە، لەم رۆژانەدا لە رێگەی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دەستکاریکراوەوە ویستی وا پیشانی بدات کە دیداری تایبەتی لەگەڵ پاپا فرانسیسی ڤاتیکان هەبووە، بەڵام هەر زوو لەلایەن رۆژنامەی ڤاتیکانەوە ئەو هەواڵە رەتکرایەوە.
حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا بە فەرمی ناوی رەیان کلدانی خستە لیستی ئەو کەسانەی کە پێشێلکاری گەورەیان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی کلدانی کە تێیدا دەردەکەوێت گوێی یەکێک لە بارمتەکانی دەست هێزەکەی دەبڕێت.
کرسیتیانەکانی دەشتی نەینەوا لە مانگی ئازاری 2023 خۆپێشاندانیان دژی هێزەکانی رەیان کلدانی لەو ناوچەیە ئەنجامدا، دوای ئەوەی کە کلدانی و هێزەکانی بەوە تاوانبارکران کە دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو مەسیحیانەدا گرتووە کە ناوچەکانی خۆیان جێهەشتووە.