سبه‌ی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئیمارات سه‌ردانی عێراق ده‌كات

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند‌، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئیمارات سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، ئەحمەد سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، رایگەیاند، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئیمارات سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ شاهین ئه‌لمه‌رر له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو.

خەلیفە شاهین ئەلمەرر نوێنەرایەتی ئیماراتی لە زۆرێک لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا کردووە و بەشداری زۆرێک لە دیدار و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی رێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی کردووە.

لە 9ـی شوباتی 2021، ئەلمەرر کرا بە وەزیری دەوڵەت، لە مانگی ئابی 2018 تا 9ی شوباتی 2021 وەک یاریدەدەری وەزیری کاروباری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە، ئەلمەرر لە ساڵی 2016 تا 2018 باڵیۆزی نائاسایی و خاوەن دەسەڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کۆماری تورکیا بووە، لە ساڵی 2009 تا 2016 بەڕێوەبەری بەشی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە لە وەزارەتی دەرەوە لە ئەبوزەبی.