ریسەکەی رەیان کلدانی دەبێتەوە خوری

رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن، کە پارتێکی مەسیحیە لە دەشتی نەینەوا و باڵی سەربازییەکەشی لیوای 50ی هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبییە، لەم رۆژانەدا لە رێگەی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دەستکاریکراوەوە ویستوویەتی وا پیشانی بدات کە دیداری تایبەتی لەگەڵ پاپا فرانسیسی ڤاتیکان هەبووە.

 چاودێران پێیان وایە کە هەوڵەکەی کلدانی بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کریستیانەکانە لە دوای ئەوەی کە بەهۆی گرژییەکانیاوە لەگەڵ کاردیناڵ ساکۆی رووبەڕووی رەخنەی توندی کریستیانەکان بوویەوە.

مایکڵ نایتس، شارەزا لە بواری هێزە میلیشیاکانی عێراق لە پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: رەیان کلدانی لە رێگەی “بڕین و لێڵ کردنی” وێنەکانەوە کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئێکس (توویتەری پێشوو) بڵاویکردووە دەیەوێت وا پیشان بدات کە دیداری تایبەتی لەگەڵ پاپا هەبووە.

ئەو توێژەرە ئەمەریکییە باسی لەوە کردووە کە وێنەکە لە دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی پاپا بووە لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا، لە دوای نوێژەکە، پاپا چاوی دەکەوێت بە بەشداربووانی کۆبوونەکەوە کە خەڵکانی ئاسایین و بەشداری کۆبوونەوە ئاینییەکە دەکەن هەفتانە.

بەڵام لە بەیاننامەی فەرمی نووسینگەکەی کلدانیدا هاتووە کە سەردانی ئەو بەرپرسە بۆ ڤاتیکان لەسەر داوای چەند “پەیمانگا و بازرگانێک” بووە و بۆ دیداریێک بووە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان.

نایتس دەنووسێت کە لەو چەند وێنەی کە لەگەڵ بەیانامەکەدا بڵاوکراوەتەوە وێنەکان بچووکراونەتەوە و باکگراوندەکەیان لێڵ کراوە بە مەبەستی شاردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی لە دەوروبەری پاپادا هەیە بە مەبەستی دروستکردنی ئەو تێگەشتنە کە ئەوە دیدارێکی تایبەتە.

حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا بە فەرمی ناوی رەیان کلدانی خستە لیستی ئەو کەسانەی کە پێشێلکاری گەورەیان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی کلدانی کە تێیدا دەردەکەوێت گوێی یەکێک لە بارمتەکانی دەست هێزەکەی دەبڕێت.

کرسیتیانەکانی دەشتی نەینەوا لە مانگی ئازاری 2023 خۆپێشاندانیان دژی هێزەکانی رەیان کلدانی لەو ناوچەیە ئەنجامدا، دوای ئەوەی کە کلدانی و هێزەکانی بەوە تاوانبارکران کە دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو مەسیحیانەدا گرتووە کە ناوچەکانی خۆیان جێهەشتووە.

کاردیناڵ ساکۆ، قەشەی کریستیانە کاتۆلیکیەکانی عێراق  و جیهان، لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا کە کارەکانی بەغدا بەرەو هەرێمی کوردستان جێبهێڵت لە دوای ئەو فشارانەی کە لەلایەن رەیان کلدانی و هێزەکانی دەکرایە سەری.

بەپێی زانیارییەکانی نایتس، پێشووتر پاپا فرانسیسی بە فەرمی دیداری رەیان کلدانی رەتکردووەتەوە بەهۆی ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ کاردیناڵ لویس ساکۆ ئەنجامی داوە.