وەزیری ناوخۆی عێراق: زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو زیارەتکار سەردانی عێراقیان کردووە

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو زیارەتکاری بیانی هاتوونەتە ناو خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن لەکەربەلا.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئەیلولی 2023، عەدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو زیارەتکاری بیانی هاتوونەتە ناو خاکی عێراق بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن لەکەربەلا، ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ماجید وائیلی، پارێزگای نەجەف گفتوگۆمان لەسەر پلانە ئەمنییەکان کرد لەرۆژانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە.

شەمەری داوای لە سەرکردە ئەمنییەکان کرد، کە بە تەواوی خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەشتی پێچەوانەی گەشتیاران و دەشڵێت: جیهان سەیری ئەم سەردانە ملیۆنیانە دەکات و پێویستە زاڵ بین بەسەر ئاستەنگەکاندا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین.

وەزیری ناوخۆی عێراق، ئاماژەی بە گەیشتنی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو گەشتیار کرد لە دەرەوەی عێراق و سوپاسی هەموو هێزە ئەمنییەکان و هەوڵە خزمەتگوزارییەکانی کرد کە کاردەکەن بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران.

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران ئەحمەد ڕەزا رادان رایگەیاند، سێ ملیۆن ئێرانی سەردانی عێراقیان کردووە بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی سەردانیکردنی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا.

ئاژانسی هەواڵی “فارس” لە زاری بەرپرسێکی ئاسایشی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە تا ئێستا یەک ملیۆن زیارەتکار گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.