جێبەجێنەکردنی یاسا و ڕێککەوتنەکان دەیسەلمێنێ کە حکوومەتێکی سێبەر عێراق بەڕێوە دەبات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات لەوانەیە لە هەموو جیهاندا هاوشێوەی نەبێت، ئەو بڕیارانەی حکوومەتی عێراق دەیاندات و ئەو ڕێککەوتنانەی مۆریان دەکات، ناتوانێت جێبەجێیان بکات، وا دیارە حکوومەتێکی سێبەر وڵاتەکە بەڕێوە ببات و هەر ئەو حکوومەتەش دەستی بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە.

وەک ئاشکرایە حکوومەتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دوای ماوەیەکی درێژ لە ناکۆکی و کێشەی ناوخۆیی و پرسی هاوپەیمانێتییەکان لە لایەن زۆرینەی هێزەکانی شیعە کە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناسراون، بە بەرنامەیەک کە بەشی زۆری سوننە و کوردیش تێیدا بەشدار بوون، دامەزرا.
کاتێک حکوومەتی محەمەد شییاع سوودانی دامەزرا ئەو ئومێدە هەبوو بەشێکی زۆری ناکۆکییە مێژووییەکان وەلاوە بنرێن و زۆربەی لایەنەکان دەست لە ناو دەستی یەکتر کار بۆ سەرخستنی حکوومەتێک بکەن کە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بە کورد و سوننە و شیعەوە بپارێزێت و دووبارە بەو داهاتە زۆرەی عێراق هەیەتی لە چوارچێوەی یاسادا دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکرێتەوە.
هەنگاوە سەرەتاییەکانی حکوومەتی سوودانی خراپ نەبوون و لە چەندان بواری جیاوازدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوت کە گرنگترینیان پرسی نەوت، پاشان پرسی بودجە و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی بە سنووری مادەی ١٤٠ ناسراون و پرسی شنگال و چەندان ڕێککەوتنی تر بوون.
هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کراون تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق بەرگرییان لێ دەکات و لای خۆی هەڵیانی نەوەشاندووەتەوە و تەنانەت لە میدیاکانیش هەر پێداگری لە جێبەجێکردنیان کراوە بەڵام ئەوەی ڕووی داوە تەنیا بانگەشە بووە و لە پراکتیکدا هیچ بەرهەمێکی لێ شین نەبووە و جێبەجێ نەکراون.
ئەگەر نوێترین ڕووداو بە نموونە وەرگیرین، ئەو ڕووداوەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەرکوک ڕووی دا و سەرەڕای ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق بۆ کردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، کەچی نەتوانراوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و چەند لایەنێکی حەشدی شەعبی و عەسائیبی ئەهلی حەق، وەک ئەوەی لە حکوومەتی عێراقیش یاخی بووبن پێشیان بە کردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گرتووە.
هاوکێشە سیاسییەکە لێرە دەکرێ زۆر بە ئاسانی لێک بدرێتەوە، ناکرێ حکوومەتێکی گەورە و گران بڕیارێک بدات بەڵام گرووپێکی میلیشیایی ڕێگریی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات، ئەمەش دەیسەلمێنێت حکوومەتێکی سێبەر عێراق و حکوومەتە یاساییەکەش بەڕێوە دەبات.
ڕووداوەکەی کەرکووک مشتێکە لە خەرواری ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانەی حکوومەتی عێراق ئیمزای کردوون بەڵام لە جێبەجێکردنیان دەستەوەستانە.
کۆمەڵێک پرس لە نێوان حکوومەتی سوودانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا یەکلایی کراونەتەوە و هەر دوو لەیەن لەسەری ڕێککەوتوون و بەشێک لەو رێککەوتنانە تەنانەت لە یاسای بودجەشدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە.
ئەگەر لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان دوو لایەن هەندێک پاساو بۆ جێبەجێ نەکردنی هەبێت ئەوا لە یاسادا هیچ پاساوێک ناهێڵێتەوە.
لە چواری نیسانی ئەمساڵ، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى رێککەوتنێکیان مۆر کرد بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بەڵام هەناردەکردنەکە نەکرا و دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوت و پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دوای مشتومڕێکی زۆر و سەرەڕای گۆڕانی هەندێک بڕگە دواجار پەسند کرا و ئومێدی ئەوە هەبوو یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت و هەرێمی کوردستان پشکی خۆی وەربگرێت بەڵام بە بیانووی جیاواز ئەمە ڕووی نەداوە.
دواین بیانووەکانی مانگی ڕابردوو، دەرنەچوونی ڕێنماییەکانی یاسای بودجە بوون بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاو کرانەوە و بۆ یەکەم جار حکوومەتی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کرد و لە ١٥ی ئابەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق کراوە بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک نییە لەبارەی ئەوەی کەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و سەیر لەوەدایە بەغدا هیچ بیانوویەکی بەدەستەوە نەماوە و دەبوایە پشکی هەرێمی کوردستانیشی ڕەوانە کردبا.
هەرێمی کوردستان جگە لە مانگی ئاب مووچەی مانگی تەمووزیشی وەرنەگرتووە و بەتایبەتی ئەم مانگە چاوەڕوان بوو یاسای بودجە وەک خۆی لەسەر هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێ.
حکوومەتی عێراق دیسان هەمان بیانووەکانی پێشووی خستووەتە ڕوو لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک بە فەرمی ئەوەی راگەیاندووە سەرجەم مەرج و داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێ کردووە و ئەرکی بەغدایە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان رێز لە یاسا و رێککەوتنەکان بگرێت و پشکی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکات.
بەگشتی هەموو ئەو ڕووداوانە دەری دەخەن لە عێراق حکوومەتێکی سێبەر هەیە کە دەسەڵاتی لە حکوومەتی ئێستە و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تریش زیاترە و ئەو حکوومەتەیە دۆخەکە هەڵدەسووڕێنێت و بڕیاری هاتنی مووچە و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و پرسی شنگال و سنووری مادەی ١٤٠ و سەرجەم پرسەکانی تر بە ویستی ئەو حکوومەتە گرێ دراون. شتێک کە پێچەوانەی دەستوورێکە کە عێراقی فیدراڵی لەسەر بنیات نراوە.