مووچە و گەندەڵی لە ئێراق، دوو بابەتی لێکدانەبڕاو!

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

کێشەی گەندەڵی لە ناوەڕاست و خوارووی ئێراق زۆرینەی کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە و گرنگترینیشیان بابەتی مووچەیە کە بەشێکی زۆری پارەی ئێراق بۆ ئەو بابەتە دەڕوات.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی ئێراق، ژمارەی فەرمانبەران لە ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا نزیکەی ٨٥٠هەزار فەرمانبەر بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە زیاتر لە ٦ملیۆن و ٥٠٠هەزار فەرمانبەر و بڕی پارەی دیاریکراویش بۆ مووچە ٧٠ترلیۆن دینارە.
لەبارەی گەندەڵی مووچەشەوە ئەوانەی پشکی شێریان بەردەکەوێ مووچەی خانەنشینی پلەباڵاکانی ئێراقە کە چەندین ساڵە گەندەڵییەکی بەرفراوانی تێدا کراوە و تا ئێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە ملیارەها دۆلار دەچێتە گیرفانی وەزیر و پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکان. بەپێی بڵاوکراوە ناڕەسمییەکان زیاتر لە ٢٣هەزار خانەنیشینی بندیوار مووچەی خانەنیشینی وەردەگرن بەبێ ئەوەی هەبن؛ تەنها ناوی درۆیینە و وەهمین!
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی ئێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی عەرەبی وتی ”زیاتر لە ٣٠٠هەزار فەرمانبەری بندیوار لە ئێراق هەیە، لەگەڵ ٢٥٠هەزار فەرمانبەر کە مانگانە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن.
گوتیشی: “پێشتر دەگوترا دوو مووچە، بەڵام بەگوێرەی داتاكان ئێستا بەشێكی خەڵك لە دوو مووچە زیاتریان ھەیە، فەرمانبەر ھەیە مانگانە ٦ مووچەی وەردەگرێت.
یەکێک لە کەنالە عەرەبییەکانیش ئاشكرای كردووە، ئەگەر بەدواداچوونی ورد لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، فەرمانبەر ھەیە لە ئێراق ٩ مووچە وەردەگرێت”.
جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوەش دا: “بڕی پارەی دیاریکراو بۆ مووچە ٧٠ ترلیۆن دینارە، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرە و هۆکارەکەیشی بۆ چەند مووچەیی و مووچەی وەهمی و زۆریی دامەزراندن دەگەڕێتەوە”.
هاوکات دەستەی دەستپاکی لە ئێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تەنها لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ٥٢ فەرمانی دەستگیر کردن و بانگهێشتیانی کرد بۆ دادگا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بە تۆمەتی گەندەڵی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی باڵا دەرکراوە. ڕاشیگەیاندووە کە لە مانگی ئایاردا ٣٢٢ دۆسیەی تایبەت بە ھەڵاتووان و بەتاڵانبردنی سامانی گشتیی ڕادەستی لایەنی دادوەریی کراون.
بەپێ ی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی ئێراق لەماوەی ١٥ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ٣٢٠ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە و دیار نەماوە. هەروەها لەکۆی ١٢هەزار دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە ئێراق تەنها ١٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی دادگاکان کراون و هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە کەشایانی باس کردن بێت.
هەموو ئەمانە لە كاتێكدایە بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شەفافیەتی جیهانی، ئێراق یەكێكە لە وڵاتە گەندەڵەكانی جیهان و لە کۆی ١٨٠ وڵات لە ڕیزی ١٦٢هەمیندایە و، لە کۆی ١٠٠ نمرەی پێوەری ڕێکخراوەکە تەنها ٢٠ نمرەی پێ دراوە.