قەبارەی داهاتی زۆری عێراق بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دۆخی ژیانی دانیشتووانەکەیدا هاوسەنگ نییە؛ ساڵ بە ساڵ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی عێراق دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری. گەندەڵی و خراپیی کارگێڕی و بەفیڕۆدانی پارە و نەبوونی پلانی توکمە و گونجاو بۆ خەرجکردنی پارە بە گرنگترین هۆ هەژمار دەکرێت.
عێراق لانی کەم لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای ئەو کێشە و قەیرانە تەناهی و سیاسییانەی بۆی هاتوونەتە پێش هیچ کاتێک لە ڕووی داهاتەوە کێشەی نەبووە و خەزێنەکەی ئەوەندە پڕ بووە کە لە دۆخە جیاوازەکاندا دەستی بۆ ببات، بەڵام ئەو داهاتە لە ڕێگایەکی گونجاو و لە پێناو بەرزکردنەوەی خزمەتگوزاری و باشترکردنی ژیانی خەڵکدا بەکار نەهێنراوە.
دواین ئاماری داهاتی عێراق دەری دەخات یەدەگی دراوی عێراق گەیشتووەتە ١٢٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار و قەبارەی زێڕی یەدەگیشی گەیشتووەتە ١٣٤ تۆن. بەو پێیە عێراق لە ڕووی داهات دەستکراوە و دەوڵەمەندە و ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ناکرێ خەڵکەکەشی لەم کولەمەرگییەدا بژین.
هەر دوێنێ سەنا مورسەوی ڕاوێژکاری محەمەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ٢١% .
ئەو ئامارە هەر چەندە بەراورد بە ئامارێک کە لە ساڵی ڕابردوو لە لایەن ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بڵاو کرایەوە جیاوازی هەیە و وا دەردەکەوێت ڕێژەکەی کەمتر بووبێتەوە، بەڵام هێشتا مەترسیدارە و گومان دەکرێ ئەو ئامارەش تەنیا بۆ بانگەشەی سیاسی بڵاو کرابێتەوە کە وای دەربخەن ڕێژەکە کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر ئەوەش ڕاست بێت و بە گریمانە دابنرێت بۆ عێراق بە ڕێژەیەکی مەترسیدار هەژمار دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو ڕاوێژکارێکی مستەفا کازمی بڵاوی کردەوە ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی خوار ٢٥ ساڵ نزیکەی ٣٧%ـە و ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠% . هەر ئەو کات وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش بە فەرمی ئەوەی بڵاو کردبووەوە کە ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ بریتی بوو لە ٢٣%، لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠% دابەزی و لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە نزیکەی ٢٤% و وا دیارە لە ساڵەکانی دواتریشدا بەردەوام هەڵکشاوە.
وەک ئاشکرایە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هیچ پلانێکی نوێ نەبووە تا کاریگەری بۆ سەر باشترکردنی بژێوی دانیشتووانی عێراق هەبووبێت و ئەوەی هەبووە یاسای بودجە بووە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراق بۆ سێ ساڵ نووسراوە و بە زەبەلاحترین قەبارەی بودجە لە مێژووی عێراق هەژمار دەکرێت بەڵام هێشتا ئەو یاسایە بە تەواوی دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە تا کاریگەرییەکانی بۆ سەر دابەزاندنی دۆخی هەژاری لە عێراق دەربکەون.
ڕاوێژکارەکەی محەمەد شیاع سوودانی وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی هەژاری تەنیا باسی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کردووە کە لە عێراق بۆیان بڕاوەتەوە و ٦٥٠٠٠٠٠ کەس دەبن. لەکاتێکدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ٤٤٠٠٠٠٠٠ تێپەڕیوە، ئەگەر نوێترین ڕێژەی هەژاری بە گریمانە وەرگیرێ هێشتا ٩٢٤٠٠٠٠ کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە دەکاتە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی دانیشتووان.
ئەوەی بڵاو کراوەتەوە تێکڕای ڕێژەی هەژارییە لە عێراق و ئەوەش بەو واتایە دێت کە لە هەندێک پارێزگای عێراق ڕێژەکە زۆر بەرزە و لە هەندێکی تر کەمترە. هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە دۆخی بژێوی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق باشترە، ڕێژەی هەژاری تێیدا نزمە.
بەپێی ئامارێکی هەژاری کە لە ئابی ساڵی رابردوو بڵاو کرایەوە ڕێژەی هەژاری لە هیچ کام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ٧% زیاتر نییە بەڵام لە هەندێک پارێزگای عێراق دەگاتە سەرووی ٦٠%، لە موسەننا ڕێژەی هەژاری بە ٦٢% و دیوانییە بە ٥٠% و میسان بە ٤٩% و بەغدا بە ١٤% راگەیەنرابوو.
دۆخی ژیان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لە عێراق باشترە هەرچەندە لە ٢٠١٤ەوە بە قۆناغی سەختی داراییدا تێپەڕیوە. لە سەردەمی کۆرۆنا عێراق بۆ دابینکردنی مووچە دەستی بۆ یەدەگی دراو برد بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو یەدەگەشی لەبەردەستدا نەبوو تا سوودی لێ وەربگرێت. لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و پڕۆژەکانیش سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکان، هەرێمی کوردستان بە ئاوەدانترین و پێشکەوتووترین شوێنی عێراق هەژمار دەکرێت.
ئەگەر ئەو داهاتەی عێراق دەستی دەکەوێت لە پلانێکی ڕێکوپێکدا بەکار بێت و یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و پارەی پڕۆژەکان بڕژێتە بازاڕەوە، ئەو ئومێدە هەیە ڕێژەی هەژاری لە عێراق دابەزێت بەڵام لە ئەگەری درێژەدانی گەندەڵیی، خەڵکی زیاتر دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.