هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ساڵانە لە عێراق ٤٠٠٠٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەناو دەچن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گۆڕانی باری کەشوهەوا وەک دیاردەیەکی جیهانی سەرجەم وڵاتانی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی، بەڵام هەندێک وڵات هەن کە کاریگەرییەکان لە سەریان زۆر بەرچاون و لەوانەیە کۆچ و گۆڕینی دیموگرافیا و چەندین کێشە و قەیرانی تریان لێ بکەوێتەوە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە کە پشکی شێری بەرکەوتووە و هەرێمی کوردستانیش لەم کاریگەرییانە بێبەش نییە و تەنیا پلانی گونجاو دەتوانێت لە قەبارەی زیانەکان کەم بکاتەوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو ناوچانەی جیهان کە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پشکی شێریان بەردەکەوێت و بۆیەش زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر تیشک خراوەتە سەر عێراق. ئوکی لۆتسما نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە UNDP ناسراوە، ڕایگەیاندووە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە عێراق ٢ تا ٧ هێندەی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە لە جیهان و سەرجەم زۆنگاو و گۆم و زەریاچەکانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسیی وشکبووندان.
بەپێی ئامارێک کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە عێراق لە ساڵی ئاویی ٢٠٢١بۆ ٢٠٢٢ لە ڕووی باران خراپترین ساڵ لە ٤٠ ساڵی رابردووی ئەزموون کردوە و هەر ئەوەش وای کردووە قەبارەی ئاوی ڕووباری دیجلە بە ڕێژەی ٢٩% و ڕووباری فوراتیش بە ڕێژەی ٧٣% دابەزێت.
بەگوتەی لوتسما وشکبوونی زۆنگاوەکان و فراوانبوونی بیابانەکان وایکردووە عێراق بێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری لە گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بێت.
نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی داوە ئەوەی ڕوو دەدات مەترسی و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک لە عێراق چونکە ساڵانە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ٤٠٠٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵ.
ڕێکخراوی UNDP لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە هاوکاری و هەماهەنگیی هەیە و کار بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و پلانی ستراتیجی دەکات کە یەکێک لەوانە پەرەپێدانی سەوزایی و پاڵپشتی لەو پڕۆژانەیە پشت بە وزەی پاک دەبەستن.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی جیهانیی خۆراکیش ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە زۆنگاوەکانی عێراق قەبارەی ئاوی گلدراویان بۆ کەمترین ئاست لە ٤٠ ساڵی رابردوودا دابەزیوە. ڕێکخراوەکە هۆشداری دابوو لە کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵ، بە تایبەتی گامێش لە باشووری عێراق.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە کە میدڵست نیوز بڵاوی کردووەتەوە ٧٠%ی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق وشک بوون، بەرزیی ئاوی ڕووباری فورات بۆ ٥٦ سەنتیمەتر و زۆنگاوی ئەلجبایش بۆ خوارووی ٣٠ سەنتیمەتر دابەزیوە و لە هەندێک شوێن وشکی کردووە. جگە لەمە ڕێژەی خوێ لە ئاودا بۆ ٦٠٠٠ پی پی ئێم زیادی کردوە و ئەمەش نیگەرانیی زیاتری جووتیاران بەتایبەتی ئاژەڵدران و خاوەن پڕۆژەکانی ماسی بەدواوە بووە.
لە عێراقدا زۆرترین کاریگەریی بۆ سەر پارێزگاکانی باشوورە و تا بەرەو باکوور بڕۆی لەو کاریگەرییانە کەمتر دەبن بەڵام مەترسی ئەوە لە ئارادایە دیموگرافیا بەهۆیەوە بگۆڕدرێت و لە دەیەکانی داهاتوودا بە سەدان هەزار و بگرە بە ملیۆنان کەس لەبەر بێئاوی و وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لە ناوچوونی ئاژەڵەکانیان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ بکەن.
هەرێمی کوردستان خۆی هاوشێوەی هەر وڵات و شوێنێکی تر کاریگەریی بەرکەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاو و ڕووبارە کاریگەرییەکان کەمتر هەست پێ کراون و ئەگەر پلانی گونجاوی بۆ بەڕێوەبردنی ئاو نەبێت زیانی زۆری بەردەکەوێت.
لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان، ئاوی ژێر زەوی لە کوردستان دابەزیوە و هەرچەندە حکوومەت بۆ ئەو مەبەستە دەستی بە جێەجێکردنی دەیان پۆند و بەنداوی بچووک و مامناوەندی کردووە، بەڵام هێشتا پێویستی بەوە هەیە پەرەی زیاتر بە پرسی پاراستنی ئاو بدرێت و لە هەمان کاتدا ئەو هەلە لە بەردەم هەرێمی کوردستانە تەنانەت مەترسییەکان بۆ دەرفەت بگۆرێت و بە سیاسەت و پلانێکی پتەو خۆی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ناوچەکە ئامادە بکات و پێشی زیان و کاریگەرییە خراپەکان بگرێت.