عێراق چاوی بڕیوه‌ته‌ مافه‌ ڕه‌واكانی كوردستان و ده‌رحه‌ق به‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی خۆی چاوی نووقاندووه‌

عێراق یه‌كێكه‌ له‌ گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهان و له‌و لیست و راپۆرتانه‌ی ساڵانه‌ له‌ ئاستی جیهاندا له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، عێراق به‌رده‌وام له‌ كۆتایی لیسته‌كه‌، یا ژماره‌یه‌ك پێش كۆتاییه‌. قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی له‌ عێراق ساڵانه‌ ده‌گاته‌ ملیاران دۆلار و بابه‌تێك بووه‌ كه‌ میدیاكانی عێراق و نوێنه‌رانی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كان كه‌متر په‌نجه‌یان بۆی بردووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی ئه‌وه‌ن پێشێلیی مافه‌ ڕه‌واكانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن ئه‌وه‌نده‌ نه‌پڕژاونه‌ته‌ سه‌ر دۆخی ناله‌باری ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان و چاویان له‌ عه‌یب و گه‌نده‌ڵییه‌كانی خۆیان نووقاندووه‌.

گه‌نده‌ڵییه‌كی نوێ له‌م ڕۆژانه‌دا ئاشكرا بووه‌ كه‌ جێگای تێڕامان و له‌ هه‌مان كاتدا مایه‌ی سه‌رسوڕمان بووه‌، ئه‌ویش له‌ كه‌رتێك یه‌كێك له‌ گرنگترین پێداویستیه‌كانی عێراق و ساڵانه‌ حكوومه‌تی عێراق ناچاره‌ بۆ دابینكردنی، ملیاران دۆلار خەرج بکات.
ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ نوێیه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا ئاشكرا بووه‌ و به‌شێك له‌ میدیاكانی عێراق به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسیان كردووه‌ گه‌نده‌ڵیی له‌ كڕینی سووته‌مه‌نیی گازی سروشتی‌ بووه‌ و وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق و وه‌زاره‌تی نه‌وت كه‌ ڕاسپێردراون ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ بۆ وێستگه‌كان دابین بكه‌ن، له‌و ئۆفه‌رانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستیاندا بووه‌ و ده‌كرا له‌سه‌ر عێراق زۆر هه‌رزانتر بكه‌ون، وازیان هێناوە و ئۆفەری گرانتریان هەڵبژاردووە.
نه‌بیل مورسه‌وی، كه‌ راوێژكار و پسپۆڕی ئابوورییه‌ نووسراوێكی وه‌زاره‌تی كاره‌بای داوه‌ته‌ میدیاكان كه‌ ده‌ری ده‌خات عێراق دوو بژارده‌ی كڕینی گازی سروشتی له‌به‌رده‌ستدا بووه‌ كه‌ یه‌كێكیان ئێران و ئه‌وه‌ی تریان قه‌ته‌ر، له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ دركێندراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر عێراق له‌ جیاتی ئێران گازی له‌ قه‌ته‌ر كڕیبا ئه‌وا زۆر هه‌رزانتر له‌سه‌ری ده‌كه‌وت به‌ڵام چووه‌ گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێراندا مۆر کردووە.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ عێراق رۆژانه‌ ٣٠٠٠٠٠٠٠ مه‌تر سێجا گازی سروشتی هاورده‌ ده‌كات و ده‌یخاته‌ خزمه‌تی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و ئه‌گه‌ر ئه‌و گازه‌ی له ئێرانی كڕیوه‌ له‌ قه‌ته‌ری كڕیبا ئه‌وا بۆ هه‌ر رۆژێك ٩٠٠٠ دۆلار هه‌رزانتر له‌سه‌ری ده‌وه‌ستا و ئه‌مه‌ش پێشانی ده‌دات پرسه‌كه‌ ته‌نیا گه‌نده‌ڵیی ئیداری نییه‌، به‌ڵكوو تێكه‌ڵاوی پرسی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانیش كراوه‌.
گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ مۆر كراوه‌ و ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌ بۆ كۆی ئه‌و زیانه‌ بكرێ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ر عێراق كه‌وتووه‌ ئه‌وا زیانه‌كه‌ ده‌گاته‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار. ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر ڕۆژێك عێراق ٩٠٠٠ دۆلار پاره‌ی زیاتری به‌ گاز دابێت ئه‌وا بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ مانگێكدا ده‌كاته‌ ٢٧٠٠٠٠ دۆلار و له‌ ساڵێكدا ده‌كاته‌ ٣٢٤٠٠٠٠ دۆلار. كۆی ئه‌و زیانه‌ی كه‌ له‌ نۆ ساڵی ڕابردوودا به‌ر عێراق كه‌وتووه‌ ئه‌وا ده‌گاته سه‌رووی ٢٩٠٠٠٠٠٠ دۆلار ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و زیانانه‌ی كه‌ له‌ بواری تر به‌ر عێراق كه‌وتوون.
پرسی دابینكردنی گازی سروشتی و كاره‌با بۆ عێراق زۆر جار وه‌ك كارتێكی سیاسیش به‌كار هێنراوه‌ و به‌ تایبه‌تی كاتێك له‌ وه‌رزی گه‌رما و هاوینان ئه‌و پێداویستییه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك پچڕاوه‌، كێشه‌ی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزاری به‌دواوه‌ بووه‌ و له‌ ئاكامدا خۆپێشاندان و ئاڵۆزیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.