دووبز بە ئاو و نەوت و کارەبا دەورە دراوە، کەچی نە کارەبای هەیە نە ئاو

دووبز شارۆچکەیەکە ١٢ کیلۆمەتر لە پردێوەدوورە و ئێستا لە ژێر دەستی حکومەتی ئێراقە. دووبز نێوەندی بەرهەمهێنانی نەوت و کارەبایە، دەورەدراوە بە چەند وێستگەیەکی کارەبا و چەندین بیرە نەوت و کۆمپانیای نەوت. دووبز شارۆچکەیەکە دەکەوێتە سەر زێی بچووک و وێستگەی ئاویشی هەیە. شایانی باسە لە ٢٠٠٣وە تاکو ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەژێر حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بوو، لەو ماوەیە کارەبای دووبز ٢٤ساعتە بوو. شوان فەخرەدین، دانیشتووی شارۆچکەی دووبز، باس لە گوزەرانی ئێستای ئەو شارۆچکەیە دەکات و دەڵێ: “ئێستا کارەبامان زۆر کەمە، سەرباری ئەوەی شارۆچکەکەمان دەورە دراوە بە وێستگەی ئاو و نەوت و کارەبا کەچی کارەبامان زۆر کەمە. باس لەوەش دەکات کە پێش ٢٠١٧ بە دەگمەن کارەبامان دەبڕا، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ماوەی ٢٦٥ رۆژ تەنها دەقەیەکیش کارەبامان نەبڕا، کەچی ئێستا دوو سەعات کارەبامان ئەدەنێ سێ سەعات کارەبامان ئەبڕێ، زۆر گەرمە و حاڵمان زۆر وێرانە.” زیاد ئەسعەد دەڵێت ئاو زۆر خراپ بووە، لەسەر زێینە کەچی بەس بە شەو ئاومان هەیە، جاران نەماندەزانی ئاونەهاتن و فلتەری ئاو چیە کەچی ئێستا ئاو نییە ئەگەر هەشبێ قوڕاوە؛ زیاد دەڵێت “ئاو زفت، کارەبا زفت، ئەنتەرنێت زفت،خزمەتگوزاری زفت، جادەوبان زفت!” باسی ئەوەشی کرد کاتێک قیرتاومان بۆ ئەکەن رۆژی پاشی ئەبێتە نوتێلا. گوزەران ئێستا زۆر سەخت بوو لە قەزای دووبز، جیاوازیی زۆرە لە نێوان ئێستا و جاران کە هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبرد، ئێستا هەم لەرووی خزمەتگوزارییەوە زۆر خراپ بووە، و هەم جیاوازیی نەتەوایەتی.