سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

9 تۆمەتباری بە قاچاخبردنی دۆلار دەستگیر کران

لە ڕاگەیەنراوێک دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ، بەمەبەستی پشتگیری لە دراوی نیشتمانی، دوای ئەوەی هێزەکانمان هەواڵی دروستیان پێگەیشت لەبارەی کۆمەڵێک کەس کە خاوەنی کۆمپانیا بوونە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاووڵاتییانیان بەناوی جۆراوجۆرەوە ڕاکێشاوە و دواتر تێوەگڵێنراون لە گواستنەوەی پارە بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ دەرەوەی عێراق بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق.

ڕاشیگەیاند: هێزەکانی دەزگای هەواڵگری لە بەغدا توانیان 9 کەس دەستگیر بکەن بە بڕەپارەیەکی زۆر لە دۆلار و دینار.

لە ڕاگەیەنراوەکە دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە دانپێدانانی تۆمەتباران تۆمار کراوە و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان.