عێراقرۆژانە ٢٠هەزار تۆن پاشخوانی لێ دەمێنێتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

پاشخوان بە پاشماوەی خۆراک و سفرەوخوان دەوترێت؛ وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشكرای كردووە، عێراق ڕۆژانە ٢٠هەزار تۆن خۆراك بەفیڕۆ دەدات، كە شارەزایان بە ٨ملیۆن دۆلار مەزەندەیان كردووە.

عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدا پۆلێن كراوە كە زۆرترین خۆراك بەفیڕۆ دەدەن، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی دابونەریتی كۆمەڵایەتییەوە هەیە؛ بەو پێیەی پاشخوان نزیكەی 43%ی كۆی پاشماوەی وڵات پێك دەهێنێ؛ بڕی پاشخوانی پاشماوەكان دەگاتە ٢٠هەزار تۆن لە ڕۆژێكدا لە سەرتاسەری عێراق.
لە بەدواداچوونێكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگەدا هاتووە كە “ئەگەر بڕی ئەو خۆراكەی ڕۆژانە لە عێراق بەفیڕۆ دەچێت (٢٠هەزار تۆن) بە بەهای دانەوێڵە حیساب بكرایە، كە نرخی یەك تۆن لەو بڕە دەگاتە ٤٠٠ دۆلار. ئەمەش مانای وایە عێراق زیاتر لە ٨ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێكدا زیانی پێدەگات، ئەوە جگە لە زیانی تر.
كەواتە هەر تاكێكی عێراقی ڕۆژانە ٥٤٠ گرام پاشخوان (پاشماوەی خۆراك)ـی هەیە؛ ژمارەی دانیشتوانیش ٣٧ملیۆن كەسە.
هەر لە بەدواداچوونەكەی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی ئایندەدا هاتووە كە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە ٦٩٠٠ تۆن پاشماوەی هەیە؛ بە پێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەدا٥٠ـی پاشماوەکە پاشخوانە؛ كەواتە هەرێمی كوردستان رلژانە نزیكەی ٣٤٠٠ تۆن پاشخوان (پاشماوەی خۆراك)ـی ماڵان و شوێنە گشتییەكان هەیە.
هەر تاكێكی هەرێمیش کەم تا زۆر، بڕی ٥٢٦ گرام پاشخوانی هەیە؛ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ٦ملیۆن و ٥٥٦هەزار كەسە.
بەپێی ئامار، ئەوروپا ساڵانە نزیكەی ١٠٠ملیۆن تۆن پاشخوانی لێ دەمێنێتەوە.
رێكخراوی خۆراک و كشتوكاڵی نێودەوڵەتی (فاو) سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاندووە كە بڕی ئەو خۆراكەی لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا بەفیڕۆ دەدرێت، بارتەقای هی وڵاتە پیشەسازییەكانە كە لە نێوان ٦٣٠ بۆ ٦٧٠ ملیۆن تۆن دەبێت. بۆیە دەكرێت بڵێین سێهەک (یەک لەسەر سێ)ـی ئەو خواردنەی بۆ مرۆڤ بەرهەم دەهێنرێت‌ و نرخەكەی تریلیۆنێك دۆلارە، دەبێتە پاشخوان و دەكرێتە زبڵدانەوە.