قەیرانی کارەبا هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی ئێراق هەراسان دەکات

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

هەموو ساڵێک هاوینان، گەرما و بێکارەبایی هاوڵاتیانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق هەراسان دەکات و تەنگیان پێ هەڵدەچنێت؛ بە جۆرێکی وا بێزاریان دەکات کە زۆر جار پەنا بۆ خۆپیشاندان دەبەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە باردودۆخەکە و داواکردنی ئەو مافە سەرەتاییە.

قەیرانی ئاو و کارەبا ئەو کێشە بەردەوامەی ئیراقییەکان بە دەستیەوە دەناڵێنن، سەرەڕای سەرفکردنی ملیارەها دۆلار کەچی هێشتا قەیرانەکە بەردەوامە و لەگەڵ ئەو گەرما زۆرەدا ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان نییە؛ خۆیان گوتەنی ئەو گەرمایە بە مبەریدە چارە ناکرێت. جگە لەوەش نرخی كارەبای موەلیدەی گەڕەكەكان زۆر بەرزە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پلەی گەرما نزیكە ٥٠ پلەیە. ئەم بارودۆخەش هاوڵاتیانی تەواو بێزار کردووە و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
چەندین ساڵە لە عێراق کێشەی بێکارەبایی هەر هەبووە بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە پلان و نەخشەیەکی گونجاو نیە تا لە داهاتوویەکی نزیک چارەسەر بکرێت بۆیە بابەتی بێکارەبایی بۆتە کێشەیەکی هاوشێوەی نەخۆشییەکی درێژخایەن بۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق.
وێڕای ئەوەی ئێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، کەچی وێستگە کارەباییەکانی ئێراق بە شێوەیەکی گەورە پشت بە گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبەستن، بە جۆرێک سەقامگیری بەرھەمهێنانی کارەبا، پەیوەستە بە مەرجی بەردەوامی ھەناردەکردنی غازی سروشتی لەلایەن ئێرانەوە کە ئەویش چەندین جار بەهۆی دواکەوتنی ئێراق لە پێدانەوەی قەرزەکانی، لە لایەن تارانەوە ڕادەگیرێت و دۆخی کارەبای ئێراق خراپتر دەکات.
ئێستاکەش هەناردەی غازی ئێرانی لە ٢٤ملیۆن مەتر سێجاوە کەمی کردووە بۆ ٢٠ملیۆن مەتر سێجا بەڵام ئیراق پێویستی بە ٦٠ملیۆن مەتر سێجایە بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆیە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ئێراق ڕۆژانە پێویستی بە ٣٢هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام بە گوێرەی وتەی بەرپرسان، وێستگەکانی وڵاتەکە بەوپەڕی توانایانەوە دەتوانن تەنها ٢٦هەزار مێگاوات لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنن.
هۆكاری تەنگژەی پچڕانی كارەبا لە ئێراق بۆ خراپی ئیدارەدان و كۆنیی سیستمی كارەبا دەگەڕێتەوە، جیا لە ململانێی سیاسی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، كە ئەمەریكا دەیەوێ كارەبای ئێراق یان بە وڵاتانی كەنداو و ئوردن و میسر ببەسترێتەوە و پشت لە ئێران بكات، یان كۆمپانیاكانی ئەمەریكی كارەباكەی بۆ چارەسەر بكەن، كەچی حكوومەتی ئێراق بەوە رازی نییە و هێشتا كارەبا و غاز بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكان لە ئێران دێنێت، لە کاتێکدا ئێراق خۆی وڵاتێكی نەوتییە.