راوێژكاری سوودانی بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان: تائێستا 2600 ئێزدی بێسه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره

راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان، سێ دۆسیه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ شنگال و ئێزدییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا 2600 ئێزدی بێسه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان نادیاره‌. ده‌شڵێت: “له‌ رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران عێراق كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ده‌كرێت”.

خه‌ڵه‌ف شنگالی، راوێژكاری سوودانی بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان ئاشكرایكردووه‌، قەبارەی وێرانکاری ژێرخانی شنگال سەدا 80 یه‌و لە سەدا 75ی ماڵه‌كانیش وێران بوونه‌ و بۆ دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی بودجه‌ی تایبه‌تی ده‌وێت.

خه‌ڵه‌ف شنگالی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ لیژنەیه‌كی تایبەتمەند راسپێردراوه‌و كار له‌سه‌ر دانانی قایمقامی قەزای شنگال ده‌كات.

ده‌شڵێت، 1500 ئه‌ندامی ئێزدی وه‌ك پۆلیس له‌شنگال داده‌مه‌زرێن، كه‌ دوای ده‌رچوونی رێنماییه‌كانی بودجه، راسته‌وخۆ‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ  بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م هێزه‌ فۆرمی دامه‌زراندن بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا – پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون، کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون.

دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.