بەهۆی ئاگرێکەوە کارەبای تەواوی عێراق دەپچڕێت

ئەحمەد موسا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە وێستگەی کارەبای بەکر لە بەسرەدا، کارەبای تەواوی عێراق پچڕاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرەکە بووەتە هۆی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتیشی، وەزیری کارەبا لیژنەیەکی بەپەلەی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و بەزووترین کات هێڵەکان دەست بە کارکردن دەکەنەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای باكوور له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با خه‌ریكی ئه‌نجامدانی چه‌ندین پڕۆژه‌ن له‌ كه‌رتی باكوور، له‌سه‌روبه‌ندی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما، هێڵی گواستنه‌وه‌ی گه‌رمی سه‌لاحه‌ددین – حه‌دسیه‌، كه‌وته‌ به‌ر هێرشێكی تێكده‌رانه‌، كه‌ ئامانج لێی راگرتنی كار و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌بایه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و هێڵه‌ له‌ ریگه‌ی بۆمبی چێندراوه‌وه‌، ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌، بووه‌ته‌ هۆی كه‌وتنی سێ تاوه‌ر و زیانكه‌وتن به‌ هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با.

بەهۆی خراپی پڕۆژەکان و کەمی بەرهەمهێنان نەبوون و پچڕانی کارەبا لە عێراقدا بۆتە دیاردە،  ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆی 32 هەزار مێگاواتی پێویست، عێراق کەمتر لە 26 هەزار مێگاوات بەرهەمدێنێت.