عێراق کار بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت لەرێگەی ئاسمانەوە دەکات

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەکیان پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کردووە، ئەگەر پەسەند بکرێت، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەرێگەی ئاسمانەوە بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین دەکرێت و، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئینتەرنێتەکە خێرایە و خزمەتگوزاریی سەردەمیانە پێشکەش دەکات.

رۆژی سێشەممە 25ـی تەممووزی 2023، هەیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتەکەیان چاوەڕێی رەزامەندی حکومەتی عێراقە لەبارەی پڕۆژەی دابینکردنی هێڵی ئەنتەرنێت لەرێگەی ئاسمانەوە (مانگە دەستکردەکانەوە) و “خزمەتگوزارییەکە لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە ئامادەیە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەستی بەکارهێنەران”.

بەگوتەی وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، “خزمەتگوزاریی هێڵی ئینەرنێت لەرێگەی ئاسمانەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقدا دەبێت و هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر نییە. پێویستە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە داتاکانی هاووڵاتییان، بەرپرسان و کاروبارەکانی دەوڵەت بکرێت”.

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، نەوەی پێنجەمی ئینەرنێت “5G” بۆ هاووڵاتییان و کاروبارەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت لەو وڵاتە دابین بکرێت و، وەکو خۆی دەڵێت، دابینکردنی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم “5G” کار بۆ “کردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان دەکات کە بە تەکنەلۆژیای بەرز کاردەکەن”.

هەیام یاسری ئاماژە بەوەش دەدات، نابێت عێراق لە کۆتایی لیستی ئەو وڵاتانە بێت کە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە رێگەی ئاسمانەوە دابین دەکەن و پێی وایە ئەو جۆرە ئینەرنێتە خزمەتگوزاریی سەردەمیانە پێشکەش دەکات و خێراشە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، هەیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری کۆمپانیای (وان وێب)ـی جیهانی تایبەت بە بواری ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی لایەنە هونەری و ئەمنییەکانی پڕۆژەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی هێڵی ئینتەرنێت لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ عێراق کردووە.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، هەیام یاسری دووپاتیکردووەتەوە، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند لەو بوارەدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی باشترین خزمەتگوزاری هێڵی ئینەرنێت و کێبڕکێکردن لەگەڵ وڵاتان لەو چوارچێوەیەدا.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو، کار بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دەکات و هەوڵدەدات باشترین هێڵی ئەنتەرنێت بە نرخێکی گونجاو کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگای وەزارەت و گەرەنتی لایەنی ئەمنی بکات، بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دابین بکات.

ئینتەرنێتی ئاسمانی یان ئەو ئینتەرنێتەی لەرێگەی بۆشایی ئاسمانەوە دابین دەکرێت، سیستەمێکی هێڵی ئینتەرنێتیە کە لە ئاسمانەوە کارادەکرێت و راستەوخۆ لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە بۆ بەکارهێنەران دەگوازرێتەوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە عێراق، لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیۆن و 500 هەزار بەکارهێنەر. لەو ژمارەیە 67.9%ـی بەکارهێنەران لە رەگەزی نێرن و لە بەرامبەردا 32.1%ـی بەکارهێنەرانی دیکەش لە رەگەزی مێن. هاوکات ژمارەی بەکارهێنەرانی مۆبایل لەو وڵاتە گەیشتووەتە سەرووی 42 ملیۆن بەکارهێنەر. ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵی 2021،  لە سەدا 13.4 زیادیکردووە.