بەهۆی کاردانەوەکانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانەکەی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پاساوی ئەو هۆکارانەی هێنایەوە کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانە فەرمیەکەی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بۆ بەغدا، ئەمەش بەهۆی ئەو رووداوانەی پێشتر بەرامبەر باڵیۆزخانەی سوید و رێکخراوێکی ناحکومی دانیمارکەوە روویدا، سەبارەت بە کاردانەوەکانی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵم و کۆپنهاگن.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، کیڤن هوک، رایگەیاندبوو، وەزیری بەرگری هۆشدارییەکی ئەمنی لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانیا وەرگرتووە، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید”، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، کە رێوشوێن دەگرنەبەر بۆ پاراستنی دیپلۆماتکارەکانیان لە باڵیۆزخانەکەی بەغدا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی “دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی تاوان لە ئەڵمانیا، پێشنیاری کردووە کە ئەم سەردانە ئەنجام نەدرێت، دوای ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدای پایتەختی عێراق روویدا”.

لە راپۆرتێکی گۆڤاری “دێر شپیگل”ی ئەڵمانیدا هاتووە، لە کۆتا خولەکدا بە هۆکاری ئەمنی، گەشتەکەی پیستۆریۆس بۆ عێراق هەڵوەشایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەسەر راسپاردەی فەرمانگەی پۆلیسی تاوانەکانی فیدراڵی هاتووە.

بەرلین رەتی نەکردەوە کە نائارامییەکانی عێراق درێژدەبێتەوە بۆ نوێنەرایەتییەکانی دیکەی رۆژئاوا و بەپێی هەڵسەنگاندنی ئۆرگانەکانی ئەڵمانیا، روودانی ناڕەزایەتی دیکە و تێکچوونی دۆخەکە بەدوور ناگیرێت.

وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە بەمەبەستی پاراستنی کارمەندانی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە بەغداش دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق رێکارەکانی خۆی لە دەوروبەری بارەگاکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا توندتر کردووە و بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، “هیچ گروپێک هەرچییەک بێت، ناتوانرێت ڕێگەی پێبدرێت بچێتە بارەگای باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان”.

وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری داوای لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی کرد بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەرکەسێک بکەن کە هەوڵی هێرشکردنە سەر بارەگا دیپلۆماسییەکان بدات، خۆپیشاندەرانی تووڕە، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا وئاگریان تێبەردا، لە کاتێکدا محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سویدی راگەیاند.

سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرکرد بۆ پاراستنی هەموو موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، هەروەها بۆ ئەوەی دووپاتبکەنەوە، کە هەر پراکتیزەیەک کە لە چوارچێوەی گشتی ئازادی رادەربڕین لابدات، بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شێوەیەک مافی گشتی و تایبەت بپارێزرێت.

هەروەها حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا شەرمەزار دەکات و بە پێشێلکارییەکی ئەمنی دەزانێت، کە دەبێت دەستبەجێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەروەها دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە ئاسایش.

رۆژی پێنجشەممە 20/7/2023، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری هەڵیاکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سوتاندیان، ئەمەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی بە رەگەز عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند جارێک قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەو کردەوەیەش لە عێراق و چەندین وڵاتی ئیسلامی کاردانەوەی لێکەوتەوە.