لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاو و هۆڕه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتیده‌كاته‌وه رێژه‌ی 70%ـی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی عێراق به‌هۆی كه‌مئاوییه‌وه رووبه‌ڕووی وشكبوون بوونه‌ته‌وه، هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا پێنجه‌مین وڵاته كه كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری گۆڕانی كه‌شوهه‌وا.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 23ـی ته‌ممووزی 2023) فالح خه‌زعه‌لی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاو و هۆڕه‌كان رایگه‌یاند، عێراق به ئاستێكی زۆر رووبه‌ڕووی كه‌می به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی هه‌ردوو رووباری دیجله و فوڕات بووه‌ته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌ش توركیا رێگری له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق سه‌باره‌ت به به‌شه ئاوی به‌ردراوه ده‌كات.
خه‌زعه‌لی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا روونیكردووه‌ته‌وه، توركیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر چه‌ند رێككه‌وتننامه‌یه‌ك كردووه، له‌وانه‌ش ناساندنی ئه‌هواره‌كان له لیستی شوێنه‌واری جیهانی و زه‌وییه هاوبه‌شه‌كانی ده‌ریاچه و كه‌ناراوه‌كان و رووباره‌كان، به‌ڵام ره‌چاوی ئه‌و رێككه‌وتننامانه و به‌شه ئاوی عێراق به‌گوێره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناكات.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه حكومه‌تی عێراق به ته‌واوه‌تی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌كانی قۆناغی داهاتوو كردووه، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مان كۆنفرانسێكی سه‌باره‌ت به گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ئه‌نجامداوه و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش سێ كۆنگره‌ی له‌و باره‌یه‌وه رێكخستووه، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا عێراق پێنجه‌مین وڵاتی جیهانه كه كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر بوونی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئایینده‌ی ئه‌و وڵاته. به پێویستیشی زانی لایه‌نی دانوستانكاری عێراق له هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركیا به‌رده‌وام بێت بۆ چاودێریكردنی ئه‌و دۆسیه‌یه.
خه‌زعه‌لی گوتیشی، كه‌می گه‌یشتنی ئاو بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ له عێراق به رێژه‌ی 20%، ته‌نانه‌ت له ساڵی 2020ـدا له هۆڕه‌كانی خوارووی عێراق كه به‌ده‌ست له‌ناوچوونی گامێشه‌كان ده‌ناڵێنێت، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا و به‌یه‌كجار حه‌وت هه‌زار و 500 گامێش له‌ناوچوونه.
رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر به دۆخی ئاوی عێراق نه‌شاردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت پێیان وایه گرفتی كه‌می ئاو، واده‌كات وڵات رووبه‌ڕووی كۆچی دانیشتووان بكاته‌وه به‌تایبه‌ت له‌و شوێنه كشتوكاڵییانه‌ی مه‌ترسی جیددی كه‌می ئاو و وشهكهساڵیان له‌سه‌ره.
له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا هه‌ردوو رووباری دیجله و فوڕات رێژه‌ی 90%ـی سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاكی عێراقیان پێكده‌هێنا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی، ئاستی ئاوی هه‌ردوو رووباره‌كه له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، كه هۆكاری سه‌ره‌كیشی دروستكردنی به‌نداوه‌كانی ئاوه له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆگاكانی ئاوی عێراق به‌هۆی شه‌ڕی چه‌ندین ساڵه و خراپ به‌ڕێوه‌بردن و له‌ناوچوونی ژێرخانه‌وه، ئاویان كه‌مبووه‌ته‌وه. به‌گوێره‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ر پێنج كه‌س له عێراق كه‌سێك كێشه‌ی ئاوی پێویستی هه‌یه، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئاو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه دروستكردووه و ناچاری كردوون سنوورێك بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ ناوچه كشتوكاڵییه‌كان دابنێن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، زیاتر له 12 هه‌زار خێزان له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه له مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا، شوێنه‌كانیان به‌جێهێشتووه و روویان له شار و شارۆچكه‌كان كردووه.
رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، كه هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی زیقار و میسان زۆرترین زیانی وشكه‌ساڵییان به‌ركه‌وتووه و ژماره‌ی كۆچی دانیشتووانی ئه‌و دوو شاره بۆ شاره گه‌وره‌كانی دیكه‌ی عێراق، له هه‌موو شاره‌كانی دیكه زیاتر بووه.
رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان هۆشداری ده‌ده‌ن له كۆچی ناوچه زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ژماره‌ی دانیشتووانی شاره‌كه گه‌وره‌كان، ئه‌و رێكخراوانه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه‌ڵه‌كه‌بوونی دانیشتووان له شاره گه‌وره‌كان، زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌كانی عێراق ژێرخانی سیسته‌میان نییه، كه هۆكاره‌كه‌یشی بوونی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و پێكدادان و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی خزمه‌تگوزارییه‌كانه.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی یونیسێف، 17 وڵاتی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا رووبه‌ڕووی قه‌یرانی كه‌می ئاو بوونه‌ته‌وه، كه له كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌دا یازده وڵات كه عێراقیشی تێدایه، زۆرترین كێشه‌ی كه‌می ئاویان هه‌یه.
پێشتر بانكی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر عێراق تاوه‌كوو ساڵی 2050 كێشه‌ی ئاو چاره‌سه‌ر نه‌كات، هاوكات پله‌ی گه‌رمی به یه‌ك پله به‌رز ببێته‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا باران به رێژه‌ی 10%، كه‌م بكات، ئه‌و كات عێراق 20%ـی ئاوی پێویست بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات.