بەهۆی ئەوەی سوید دووبارە مۆڵەتی بە هاووڵاتییەکی عێراقی داوە کۆپییەکی “قورئانی پیرۆز” بسووتێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە باڵیۆزی سوید دەکات بەغدا جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە رایەگەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە بەرپرسی کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بکشێنێتەوە.”
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەگوێرەی بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، “داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا کردووە، خاکی عێراق بەجێبهێلێت. ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ دووبارە مۆڵەتدانی حکومەتی سوید بە سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و زیانگەیاندن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق.”
ئەمە لە کاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە؛ محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی رێگەدان بە سووتاندنی “قورئانی پیرۆز” لە سوید و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا، لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، دەرەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، سوپاسالاری عێراق و چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و ئەمنی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاندبوو، حکومەتی عێراق لە رێگەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانییەوە حکومەتی سویدی ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر جارێکی دیکە لە ژێر پاساوی ئازادی رادەربڕین رێگە بە سووتاندنی “کۆپییەکی قورئانی پیرۆز” لەسەر خاکەکەی بدات، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپچڕێنێت.
هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە حکومەتی سوید جارێکی دیکە رێگەی بە دوو هاووڵاتی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە دا، لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم، “خۆپیشاندانێكی بچووك ئهنجام بدهن و تێیدا كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن.”
لەلایەکی دیکەوە میدیاكانی سوید رایانگەیاندووە، (سهلوان مۆمیكا) ههمان ئەو کەسەی کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم سووتاند، دووبارە ئەو کارە ئەنجام بداتەوە.