سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دەداتە حکومەتی سوید و دەڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕین رێگە بە سووتاندنی “کۆپییەکی قورئانی پیرۆز” لەسەر خاکەکەی بدات، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپچڕێنێت. هاوکات هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەرکۆنە دەکات و بە “پێشێلکارییەکی ئەمنیی” لەقەڵەم دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی رێگەدان بە سووتاندنی “قورئانی پیرۆز” لە سوید و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، دەرەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، سوپاسالاری عێراق و چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و ئەمنی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا کردووە و بە “پێشێلکارییەکی ئەمنییان” لەقەڵەم داوە و بە پێویستیان زانیوە ئەو بەپرسە ئەمنییانە سزابدرێن کە کەمتەرخەم بوونە لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.
حکومەتی عێراق وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، لە رێگەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی سویدی ئاگادراکردووەتەوە، ئەگەر جارێکی دیکە لە ژێر پاساوی ئازادی رادەربڕین رێگە بە سووتاندنی “کۆپییەکی قورئانی پیرۆز” لەسەر خاکەکەی بدات، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپچڕێنێت.
حکومەتی عێراق رێگەدان بە “سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز” بە کارێکی “مەترسیدار لەسەر ئاشتی و هاندانی توندوتیژی و ڕق و کینە” ناودەبات و دەڵێت، ئەو جۆرە کارانە سەرپێچیکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانن کە رێز لە ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان دەگرن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سوودانیدا هاتووە: “حکومەتی عێراق جەخت لە پابەندبوونی خۆی بۆ پارستنی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە و رێگری لە هەر هێرشێک دەکات کە دەکرێتە سەریان”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە هەڵکوتانەسەر و سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، رەوانەی دادگا بکرێن بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت. هاوکات بڕیایشیداوە، ئەو کەسانەی لە پاراستنی باڵیۆزخانەکە کەمتەرخەمبوون، رەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێن و رێکاری یاساییان لەگەڵ بگیرێتەبەر.
هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، سوید بە رێگەدان بە سووتاندنی کۆپییەکی “قورئانی پیرۆز” و ئاڵای عێراق، دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ عێراق راگەیاند و چاوەڕێی وەڵامێکی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات. دەشڵێت، نابێت حکومەتی عێراق تەنها سەرکۆنەی ئەو کارە بکات، ئەگەر تەنها سەرکۆنە کرا، “ئەمە بە مانەی ملکەچبوون و لاوازی دێت”.
لەلایەکی دیکەوە توبیاس بلێسترم، وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا قبوڵکراو نییە و دەسەڵاتدارانی عێراق شکستیان هێناوە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی “ئەی ئێف پی” ئاماژەی بەوە داوە، حکومەتی سوید رێگەی بە دوو هاووڵاتی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە داوە، ئەمڕۆ پێنجشهممه لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم، “خۆپیشاندانێكی بچووك ئهنجام بدهن و تێیدا كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن.”
لەلایەکی دیکەوە میدیاكانی سوید رایانگەیاندووە، (سهلوان مۆمیكا) ههمان ئەو کەسەی کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم سووتاند، دووبارە ئەو کارە ئەنجام بداتەوە.
هاوکات پۆلیسی سوید دووپاتیكردهوه، ئهوان رێگهیان به سووتاندنی كتێبه پیرۆزهكان نهداوه، تهنیا مۆڵهتیانداوه خۆپیشاندانێكی بچووك لهسهر بنهمای ئازادی رادهربڕین ئهنجام بدهن، كه مافێكی دهستووریی سویده.