سوودانی بۆ وەزیری بەرگریی فەرەنسا: دەمانەوێت لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان کاربکەین

سەرۆکوەزیرانی عێراق ویستی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە بواری سەربازی و بەرهەمهێانی چەک بۆ وەزیری بەرگریی فەرەنسا دووپاتدەکاتەوە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش ئامادەیی وڵاتکەی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا نیشاندەدات.

ئەمڕۆ چوارشەمممە 19ـی تەممووزی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە سێباستیان لیکۆرن، وەزیری بەرگری فەرەنسا و شاندی یاوەری کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنداروێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و لیکۆرن ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان فــەرەنــسا و عێراق و رێگەکــانـی پــەرەپێدانیان لـــەسەر ئاستی ئەمنی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تاوتوێکراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەنداراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان فەرەنسا و عێراق لە بواری سەربازی و ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری لە چوارچێوەی راوێژ و راهێنانی سەربازی بۆ باشترکردنی ئەدای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوەتەوە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی پشتیوانی فەرەنسای بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە لە شەڕی دژی داعش و جەختی لەوە کردووەتەوە، “عێراق کار لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات کە هاوتا بێت لەگەڵ قۆناغی دوای نەمانی داعش.”

سوودانی، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە وەزیری بەرگریی فەرەنسای راگەیاندووە، حکومەتی عێراق گرنگی بە بابەتی چەکداری و راهێنانی سەربازی دەدات و لەو چوارچێوەیەشدا نیازی حکومەتەکەی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان ئاشکراکردووە، بەتایبەت لە بواری چەکی ئاسمانی، سیستەمی بەرگری و بەرهەمهێنانی چەکی جەنگی. سوودانی ئاماژەشی بەوە کردووە، هاوکاری و هەماهەنگی نێوان فەرەنسا و عێراق تەنها خۆی لە بابەتی ئەمنی نابینێتەوە و کاردەکەن بۆ ئەوەی لە زۆر بواردا پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی فەرەنسا سڵاوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای گەیاندووەتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی راهێنانی سەربازی، چەکداری و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و، بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردووتەوە.

دوێنێ سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023، سێباستیان لیکۆرن، وەزیری بەرگریی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە و هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی عێراق لە بواری ئاسایشەوە کرد.

دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە تویتێکدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان نووسیبووی: “خۆشحاڵم لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، تاوتوێی پرسەکانی پەیوەست بە ناوچەکە و سەروەریی خاکی عێراق تاوتوێ دەکەم”.

 بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی فەرەنسا بگاتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. سێباستیان لیکۆرن و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی پەیوەندییە مێژووەکانی پاریس و هەولێر، دۆخی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەن.

ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کاتێکدایە؛ بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. تا ئێستا دوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.

فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.  لە سەرەتای ساڵی 2014 و بە درێژایی شەڕی داعش هاوکارێکی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە هەمان ساڵ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکرد، فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنانکردن و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیادی کرد.