سبەی دانیشتنی ژمارە دووی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە (2)ـی وەرزی دووەمی یاسادانان، کە وابڕیارە سبەی دووشەممە کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە؛ سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکات، کە بریتین لە پڕۆژەیاساکانی (دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دژەتیرۆر، کۆلیژی فڕۆکەوانی سوپا و پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری و تایبەت لە ڤیزەی چوونە ژوورەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و رووسیا).
ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساکانی هەموارکردنی یەکەمی یاسای سندوقی نیشتەجێبوونی عێراقی ژمارە (32) بۆ ساڵی 2011، قەرەبووکردنەوەی تووشبووانی کەمی بەرگری لەش، هەمواری نۆیەمی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ژمارە (40)ی ساڵی 1988 و چوار پڕۆژەیاسای دیکە تەواوکرد.
رۆژی سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی ‘سەنەدی نیشتمانی’ لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، پێشنیازەیاسای “قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی” لە عێراق بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان.
رۆژی 12ی حوزهیرانی 2023 پهرلهمانی عێراق به زۆرینهی دهنگ پڕۆژهیاسای بودجهی گشتیی بۆ ساڵانی داراییی 2023 و 2024 و 2025ی پهسهندكرد و دواتر سهرۆككۆماری عێراق واژووی کرد و له رۆژنامهی وهقایعی عێراقی بڵاوکرایەوە.