یەکێک لەو کێشانەی ساڵانە، لە وەرزی هاویندا بەرۆکی عێراق دەگرێت گۆڕانی کەش وهەوایە، لە هەرێمی کوردستانیش دابەزینی ئاستی ئاو و کێشەی ئاو لە گەڕەکەکان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق پێنجەمین وڵاتی ژێر کاریگەری گۆڕانی کەش وهەوایە، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن عێراق خەمێک لە خۆی و ژینگە و ئیدارەدانی ئەو پرسە بخوات دەنا لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورەتر دەبێتەوە لە گۆڕانی کەش وهەوا.
کرداری زۆر و هەنگاوەکان و ویستی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک هەنگاوی سەرەکی لەبەردەم عێراقن و دەبێت جێبەجێی بکەن و دەبێت سیاسەتێکی ڕوون و دروست بۆ ئەو پرسە دابنێت لە کاتێکدا پێشتر پێی دەگوترا وڵاتی سی ملیۆن دارخورما .
سەرکردەکانی جیهان کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێوشوێنیان دانا بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا لە وڵاتاندا بە تایبەت ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بە هۆی گۆڕانی کەش و هەواوە،لە کۆنفرانسی کۆپ 27 کە لە میسر بەڕێوەچوو، ئەو هەنگاوانە جێبەجێ و پەسەندکران لەبارەی گۆڕانی کەش و هەوا بەڵام کەمتر لە عێراق جێبەجێ کرا و خەمی لێ نەخوراوە .
یەکێک لە گرنگترین ئەو هەنگاوانەی عێراق پێویستە بیگرێتە بەر زیادکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆرە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و ئێکۆسیستەمی ڕووخاو و کەمکردنەوەی بەکارهێنان و دەردانی غاز لە ناوچە جیاوازەکان.
هەنگاوی دیکە بۆ عێراق وەبەرهێنانە لە وزەی نوێبووەوە لەگەڵ پارەدارکردنی پڕۆژەکان بۆ سەوزایی، کشتوکاڵ و چاککردنی سیاسەت و ژێرخانی ئاوی عێراق لەو هەموو کێشەیەی بەرۆکی گرتووە، لەگەڵ کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە .
لە نێوخۆی عێراقدا پەرەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵی تاکیی و چەند هەوڵێکی بچووکی حکومەت هەیە، ئاو نەبووەتە کێشەی گەورەی بەردەم عێراق،لەکاتێکدا وڵاتەکە خەریکە لە گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەرییەکانی سەری دەگاتە ئاستێکی ترسناک .
هەنگاوی دوورمەودا بۆ عێراق لە گۆڕانی کەش و هەوا چارەکردنی کەمیی ئاوە بۆ خواردنەوە و کەمیی بۆ سەرچاوە کشتوکاڵییەکانی، چونکە بێئاوی ئێستا لە عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و کاریگەرییەکانیشی بە خێرایی زیاد دەبێت .
لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا کۆچکردنی خەڵکە لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە، خراپ بوون و وێرانبوونی سەرچاوەکانی ژیانی خەڵک لە ئاو و کشتوکاڵ لە عێراق نەک هەر ناوچە دوورە دەستەکانی گرتووەتەوە بەڵکو پەلی هاوێشتووە بۆ ناو شارەکانی هەڕەشەی جیددی لەسەر پیشەسازی و کشتوکاڵی عێراق دروست کردووە .
ئێستا عێراق ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی وشکەساڵی بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا، هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی گۆی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمی ڕێژەی باران و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو وای کردووە دۆخی عێراق لە دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خەڵک زۆر لەوە خراپتر بێت بە پلانی کورتخایەن هەوڵی چارەکردنی بدرێت .
یەکێک لەو هەنگاوانەی عێراق بە ناچاری پێویستی بەوەیە پەنای بۆ ببات هەماهەنگییە لەگەڵ ولاتانی کەنداو بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانە،چونکە ئێستا دەستپێشخەری و پڕۆژەی زۆر هەن بۆ دانان و جێبەجێکردنی وزەی نوێبووەوە، بۆ نموونە لە سعودیە و بەحرەین دەستکراوە بەو پرۆژانەی کە بە وزەی نوێبووەوە کار دەکەن، ئیماراتیش پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە بە کەمکردنەوەی گازی دەردراو بە ڕێژەی ٪31 تاوەکو ساڵی 2030، سعودیەش ڕایگەیاندووە شاری نیۆم دەستپێدەکات کە یەکەم شاری جیهانە بێ هیچ ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گازی دەردراو لە ئۆتۆمبێل.
سەرقاڵبوونی عێراق بە چۆنیەتی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی و نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون بۆ گۆڕانی کەش و هەوا پێدەچێت دۆخەکە بۆ ساڵانی داهاتوو خراپتر بکات، بۆیە لە ئێستاوە لەسەر عێراق پێویست کراوە کە کۆمەڵێک هەنگاو جێبەجێ بکات، لەوانە بەرزکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی نوێبوەوە هەروەها چاککردنی ئیکۆسیستەم و کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە.