رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق دەردەکرێت

تاکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی دەرنەکردووە، بۆ جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی بە ئەنجومەنی وەزیرانی رایگەیاندووە: سەرقاڵی رێکخستنەوەی داهات و خەرجی و پێداچوونەوەن بە خشتەی گشتی وەزارەتەکان بە پێی یاسایی نوێی بودجە، دوای تەواوبوونیان رێنمایی بە وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەدرێت یاسایی بودجە جێبەجێ بکەن، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە پەیوەستە بەو رێنماییە نوێیانەی کە دەردەکرێن،  بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق بانگهێشتی شاندی حکومەتی هەرێم بکات بۆ پێدانی رێنمایێەکان و  ئەو بڕە پارەی کە پێشتر رەوانە کراون بۆ مووچەی فەرمانبەران.

هەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی عێراق چاوەڕێی وەزارەتی دارایین، تا لەبارەی چۆنێتی جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی گەشتییەوە رێنمایی نوێ دەربكات. وەزارەتی داراییش بیانووی خۆی ھەیە، كە رێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان و پێداچوونەوەیە بە خشتەی گشتی وەزارەتەکان. تا ئەوكارانە نەكات، ناتوانێت لەبارەی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی یاسایی بوودجەوە بڕیار بدات.

لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش، رابەری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی کە سەرپەرشتی زۆربەی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات، دەڵێ: وەک چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا، سەرۆک وەزیرانیان راسپاردووە.

هومام حەمودی رابەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “کارەکان زۆر بە باشی دەڕۆن نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات، سەرۆک وەزیران راسپێردراوە و سوریشە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستور، پێداگریش دەکەین تاکو متمانە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە”.

لە پاش دەرچوونی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسایی بودجە، بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان،  سەردانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن، لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک قەرز مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکرێت، پاشان بە یاسایی نوێی بوودجە، پشکی هەرێم رەوانە دەکرێت و مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆران دەکرێت.

عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم لە لێدوانێکدا رایگەیاند: “پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت بەپێی ئەو مەرجانەی لە ناو یاسایی بودجە دامانناوە، هیچ گرفتێک لە رەوانە کردنی نییە، ئەگەر پابەندی رێککەوتنەکە بن، بۆیە هیوادارم رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێن تا تەواوی شایستە داراییەکان رەوانە بکەین”.