دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە

وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و یەکەم دانیشتنیش دوای هەفتەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت. ئەمە بە گوێرەی راگەیەندراوێکی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە 8ـی تەممووزی 2023، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سبەی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، وه‌رزی دووه‌می یاسادانانی په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

له‌ بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی په‌رله‌مانی عێراقدا هاتووه‌، لیژنەکانی پەرلەمان لەو رێككه‌وتەی ئاماژەی پێدراوە (9ـی تەممووزی 2023) دەست بە کارەکانی یاسادانان و چاودێری دەکەنه‌وه‌.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، یەکەم دانیشتنی خولی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 15ـی تەممووزی 2023 بەڕێوەدەچێت.

دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023 ئەنجامدرا، کاتێک پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتی و زیاتر لە 290 پەرلەمانتار پەسەند کرا.

هەر لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق؛ رۆژی سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی ‘سەنەدی نیشتمانی’ لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، پێشنیازەیاسای “قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی” لە عێراق بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان.

تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی نەداوەتەوە. هاوکات پێش ساڵێکیش هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەرلەمان سەبارەت هەمان بابەت هەبوو، بەڵام هەوڵەکە سەری نەگرت.