عێراق داوای میوانداریكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی ده‌كات

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق یاداشتیكی فه‌رمی ئاراسته‌ی ئه‌مینداریه‌تی گشتی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی میوانداریكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌ به‌غدا.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 3ـی ته‌مووزی 2023) ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق یاداشتنامه‌یه‌كی فه‌رمی ئاراسته‌ی ئه‌مینداریه‌تی گشتی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی میوانداریكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌ به‌غدا.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، عێراق ئاره‌زوو ده‌كات میوانداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی بكات به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی بێڕێزیكردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌ سوید.

رۆژی 28ـی حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی “قورئانی پیرۆز”ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و “نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی” پێدا بەهۆی “مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.”

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

ئێوارەی رۆژی 1ـی ته‌مووزی 2023 خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی “قورئانی پیرۆز” لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام به‌كارهێنانی ئاڵای سه‌رایا سه‌لام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کرابوو.