گوتەبێژی شارەوانی بەغدا ئاشکرایکرد، گەندەڵی و شۆردنەوەی پارە هۆکارێکن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون.
محەممەد رەبیعی، گوتەبێژی شارەوانی بەغدا بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون لە بەغدا، بەشێكی بەهۆی گەندەڵی و شۆردنەوەی پارەوەیە.
گوتیشی: کاتێك خەڵکی عێراق ناتوانن پارەکانیان بنێرنە دەرەوەی وڵات، دێن موڵک و یەکەی نیشتەجێبوون دەکڕن.
سێکتەری خانووبەرە لە عێراق بەراورد بە 20 ساڵ لەمەوبەر گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە بەغدای پایتەخت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، ئێستا لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا نرخی یەک مەتر چوارگۆشە زەوی گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار دۆلار، لە هەندێک ناوچەی دیکەش نرخی یەک مەتر چوارگۆشە لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە 2300 دۆلار.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویکردەوە، پارەی تایبەت بە کڕینی موڵک و یەکەی نیشتەجێبوون، لە جانتا و عەلاگەی پلاستیک و هەندێک جاریش لە سەتڵی ئایسکرێمدا دێن و لە نووسینگەکان مامەڵەیان پێوە دەکرێت و، بەهۆی نەبوونی داتەبەیسێک و سیستەمێکی دیجیتاڵی، مامەڵەکان هێشتا لەسە کاغەز دەکرێن و ئەو کەسانەی موڵکەکان دەکڕن، زۆرجار لەسەر ناوی کەسە نزیکەکانی خۆیان تۆماری دەکەن.
یەکێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە، کە قسەی بۆ واشنتن پۆست کردووە، باس لەوە دەکات، لەنێو کڕیارەکانیدا، کەسایەتی سیاسی هەن کە کڕیاری دڵخوازی ئەون. گوتیشی: هەر کاتێک یەکەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ هەبێت، بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کڕیاری بۆ دەدۆزێتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەشێکی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە بەغدا، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبای حکومی بوونی نییە.