بەهۆی کەم ئاویەوە ملیۆنان ماسی لە پارێزگای میسان لەناو چوون

روانگەی ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئەلمەجەر لە پارێزگای میسان، ملیۆنان ماسی لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو لەناو چوون، ئەمەش سەرەتای کاردانەوەکانی هاوین و وشکەساڵیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی تەممووزی 2023، روانگەی ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکی رایگەیاند، “پێشتر هۆشداریمان دابووە ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاوەوە هەیە، کە هاوینی داهاتووی عێراق سەروەت و سامانی ئاو و ئاژەڵی وڵات لەناو دەبات”، ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی عێراق پرسی چارەسەرەکردنی ئاو جێدەهێڵن و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ناکەن.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو لە شارۆچکەی ئەلمەجەر لە میسان بە ملیۆنان ماسی لەناوچوون، ئەمەش بەهۆی وشکبوونەوەی ئاوەکەیە”.

دەشڵێت: “وشکەساڵی تەنها لە ناوچەکانی باشووردا نییە، وەکو دەریاچە و رووبارە لاوەکییەکان، بەڵکو زیاتر لە بەشی سەرەوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات کە دەکەوێتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوورەوە”.