لە یەکەم لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تێپەڕاندنی بودجە، ئاماژەی بەوە کرد، پێداچوونەوە بە بڕگەکانی هەموارکراوی بودجەدا دەکرێت، بەڵام نازانرێت ئەو بڕگانەی کە حکومەت دەستنیشانی دەکات، هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە کوردستانی تێدایە یاخو نا.
ئەوەی لە ناوەندە سیاسییەکاندا بڵاوبووەتەوە، نیشانەی توڕەیی حکومەتە لە لیژنەی دارایی بەوەی پێچەوانەی کارەکانی حکومەتی کردووە.
لە زاری راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانەوە بڵاوبووەتەوە، کە “بێدەنگی محەممەد شیاع سوودانی لە ماوەکانی رابردوودا سەبارەت بە قەیرانی بودجە دەگۆڕدرێت بۆ دادگای فیدراڵی”.
سەرچاوەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە حکومەت ناتوانێت تانەکەی لە یاسای بودجە پێشکەشی دادگای فیدراڵی بکات تەنها دوای ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە.
بە گوتەی پەرلەمانتاران، دەستوور مافی تانەدان بە حکومەت دەدات لەبەردەم دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕگانەی کە پەرلەمان بۆ یاسای بودجە زیادی کردووە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (13)ی دەستوور وەک بڕگەی نادەستووری.
لەلایەکی دیکەوە دەستوور دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە مادەی 62 دا سنووردار کردووە و نەیکردووە بە رەها، بەو پێیەی رێکاری گواستنەوەی نێوان بەشەکانی بودجە و کەمکردنەوەی کۆی بڕە پارەکانی پێ بەخشیوە، هەروەها لەکاتی پێویستدا پێشنیاری زیادکردنی کۆی خەرجییەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بکەن.
رۆژی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “دیدگای حکومەتەکەی لە پێشکەشکردنی بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ بریتییە لە، “کەمکردنەوەی خەرجی کارپێکردن و پەرەپێدانی داهاتە نا نەوتییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت”.
لەسەر هەموارکردنەوەی لیژنەی دارایی، سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە “حکومەت کار بۆ پێداچوونەوە بەو بڕگانە دەکات کە لە بودجەدا هەموار کراون، هەروەها دیراسەی رادەی گونجانیان لەگەڵ دیدگا و ئامانجەکانی حکومەت دەکات کە لە پرۆگرامی وەزاریدا پەسەند کراون”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، مەسعوود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی عێراق، لەسەر راگەیەندراوەکەی سوودانی لە تویتەر نوسیویەتی: “ئەمە رێکارێکی دروستە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گونجاو نەبێت لەگەڵ بەرنامەی حکومەت “واتە بڕگەکانی بودجە” کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە، پێویستی بەوەیە بڕیارێکی دەستوری و یاسایی گونجاو لەلایەن حکومەتەوە بدرێت.
پەرلەمانی عێراق، لە پێنجشەممەی رابردووەوە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ پەسەند کرد بۆ یەکەمجار لە مێژووی بودجەدا لە دوای ساڵی 2003.
بەهای خەرجییە پێشنیار کراوەکان لە بودجەی نوێدا 198 ترلیۆن و 910 ملیار دینارە کە دەکاتە 153 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.