دوای نۆ ساڵ تێپەڕین بە سەر ڕووداوێکی کارەساتبار و جێبەجێکردنی قێزەونترین پیلان و تاوان لە دژی کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق، هێشتا وانە لە ڕابردوو وەرنەگیراوە و لە جیاتی سارێژکردنەوەی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بە ئامانجی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هەموو عێراقییەکان، هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کورد و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
لە١٠ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق داگیر بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت ڕابگەیەنن. ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی ئەو شەوە هێرشیان کردە سەر مووسڵ، چەند سەد کەسێک دەبوون کە سەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان و بنکەکانی سەربازیی حکوومەتی عێراقیان کۆنترۆڵ کرد.
وەک ئاشکرایە لە پارێزگای نەینەوا سوپای عێراق خاوەنی جبەخانەیەکی زۆر بەهێز بوو و پێشکەوتووترین چەک و پێداویستیی سەربازیی لەبەردەستدا بوو و بە هەزاران سەرباز لە بنکە سەربازییە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە لە ئامادەباشیدابوون، بەڵام بەبێ هیچ بەرگری کردنێک شارەکەیان بەدەستەوە دا و تەنانەت چەکەکانی دەستیشیان دانا و بەرەو کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، ڕایان کرد. ئێستەشی لەگەڵدا بێت کەس لەوانەی نەپێچایەوە کە هۆکار بوون لەو ڕووداوە کارەساتبارە و بە وردی هۆ و پاڵنەرەکان نەخرانە ڕوو.
ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ حوکمی شارەکەیان کرد و لەو ماوەیەدا دەسەڵات و سنووری قەڵەمڕەوی خۆیان هێندە بەرفراوان کرد کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقیان لەبەردەستدا بوو و لەو ماوەیەشدا گەورەترین و قێزەونترین تاوانیان لە دژی مرۆڤایەتی کرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق بە تایبەتی پارێزگا سوننەنشینەکان، دژبە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی شیعە و سوپای عێراق لە ناوچەکانیان، ھەروەھا نەبوونی دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و پەرەسەندنی گەندەڵی ھۆکار بوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
لە لایەکی ترەوە کەشی سیاسیی ئەوکاتی عێراق پێش سەرهەڵدانی داعش کەشێکی دوژمنکارانە بوو و حکوومەتی عێراق جگە لەو ستەمەی لە سوننەی دەکرد لە هەمان کاتدا هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد و سڕینەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دەدا و بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەیویست خۆی بەسەر یاسا و ماف و پڕەنسیپەکاندا بسەپێنێت.
داعش دوای نزیکەی سێ ساڵ زاڵبوونی بەسەر مووسڵ و بەشێک لە خاکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە پشتوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕووخا و و هیچ خاکێکی بەدەستەوە نەما، بەڵام هەمان سیاسەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزی و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم بەردەوام بوو. ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک و گرژی و ناکۆکییەکانی دواتر و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و لە هەموویان نوێتر پرسی پڕۆژەیاسای بودجە ئەوە دەسەلمێنن هێشتا وانە لە ڕابردوو وەرنەگیراوە.
دوای نۆ ساڵ، هێشتا بەغدای پایتەختی عێراقی فیدراڵ، بە هەمان نەفەسی دژایەتیکردن و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کار دەکات. سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر گرنگترین پرسی نێوانیان ڕێککەوتوون و هەر دوو لایەن ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنی بودجە کردووە، کەچی هێشتا هەندێک پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی، دەخوازن بە هەر نرخێک بێ لە پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بدەن.
ئەم پرسە دوای مشتومڕەکانی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تایبەتی دوای دەستکارییەکانی مادەکانی ١٢ و ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجە زیاتر بەدیار کەوت. بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا نەهێڵرا مادەکانی ١٢ و ١٣ بەگوێرەی ئەو دەقە پەسند بکرێن کە گۆڕدرابوون و چارەیەکی ناوەندییان بۆ دۆزرایەوە، پەسندکردنی مادەی ١٤یش کێشەی لێ کەوتەوە و بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئێوارەی شەممە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دیار نییە هێزە شۆڤێنییەکان تا چەندە دەتوانن ویستەکانی خۆیان زاڵ بکەن کە دەیسەلمێنێ هیچ وانەیەکیان لە مێژوو وەرنەگرتووە.