دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام دەبێت

بڕیارە کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە کۆببێتەوە.

شەوی رابردوو دوای چەند جارێک دواخستن دانیشتنی پەرلەمان و کۆبوونەوەی چڕی سەرکردە سیاسییەکان، پەرلەمانی عێراق درێژەی بە دانیشتنەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجەدا، جگە لە ماددەکانی 14 ، 15 ، 16 ، 17 کە دەنگدان لەسەریان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و ماددەی 22یش لە پڕۆژەکە سڕایەوە، بەڵام لە دانیشتنەکەدا تاوەکوو ماددەی 24ی پڕۆژەیاسای بودجە دەنگی لەسەر درا و پەسەندکران، کە ماددەی سێزدەی پڕۆژەکە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان و بە لەسەدا 12،67 دیاریکراوە.

پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا ئەمڕۆ کاتژمێر 5ی ئێوارە درێژە بەدانیشتنەکانی تایبەت بە پەسەدنکردنی ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بدات.

ماددەی 14 لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەستکاری کردن لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، رێگری لە پەسندکردنی کرا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئەمڕۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت.