هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمیکردووە

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بۆ دووەم هەفتەی لەسەریەک کەمیکردووە و بە تێکڕا گەیشتووەتە 136 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی ئایاری 2023، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمەریکا، لە هەفتەی رابردوودا لە هەشت وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 249 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو 544 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەفتەی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بە تێکڕا 136 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، کە تێکڕای رۆژانە 38 هەزار بەرمیل دابەزیوە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، کە تێیدا هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا بە تێکڕا گەیشتبووە 174 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “زۆربەی داهاتی نەوتی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە کەنەداو بووە، کە بە تێکڕا 3.707 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، دوای ئەو مەکسیک بە تێکڕا 657 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، داهاتی نەوتی کۆڵۆمبیا بە تێکڕا گەیشتووەتە، 214 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، و پاشان سعوودیە 212 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”.

بەپێی خشتەکە، “بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە بەرازیلەوە بە تێکڕا 175 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، لە نەیجیریا بە رێژەی 77 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها لە ئیکوادۆرەوە بە تێکڕای 71 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”، ئەمە لە کاتێکدا، هیچ بڕە نەوتێکی لە رووسیا و لیبیاوە هاوردە نەکردووە”.