وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، نایانەوێت چیدیکە گەنم لە وڵاتانی ناوچەکەوە هاوردە بکەن و دەیانەوێت پشت بە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ببەستن. لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، گەنمی ئەمساڵ لە رووی کواڵێتی و بڕەوە، باشتر و زیاترە.
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لە هەولێر سازکرد.
وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان پێیوایە گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کواڵێتییەوە باشتر و لە رووی بڕەوە زیاترە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانباشبوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 25ـی ئایاری 2023، دەرگای سایلۆکان بەڕووی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا بکرابانەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، دەستپێکردنی پڕۆسەکە بۆ ئەمڕۆ دواکەوت.
بەگوتەی کەمال موسلیم 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.