سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە جووتیاران دەکات بەرهەمەکانیان بە بازرگانان نەفرۆشن

سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، سوورە لەسەر پاڵپشتی کردنی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ، دەشڵێت: پاڵپشتی لە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەکەین لە کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت، چونکە ئابووری عێراق هەمە چەشن بێت باشترە لەجیاتی ئەوەی تەنها پشت بەیەک سەرچاوە ببەستێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە “سەردانەکەی بۆ نەینەوا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە مەبەستی بینینی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتە لەو پارێزگایە، کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنیان خستووەتە سەرووی ئەولەویەتەکانییەوە، حکومەتیش بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگاکە دەکات”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سوودانی باسی لەو پاڵپشتییە حکومییە کرد کە حکومەت پێشکەشی جووتیاران دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنە و بە بازاڕکردن، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کردنەوەی سەنتەری بازرگانی لە رۆژانی داهاتوودا”.

سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، “ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پەسەندنەکردنی بودجە، ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکردووە کە پەیوەندی بە باجی جووتیارانەوە هەیە، کە بەروبوومەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، لە ماوەی دیاریکراودا کە لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە جووتیاران کرد بەرهەمەکانیان بە فەرمانگە و بازرگانان نەفرۆشن، بۆ ئەوەی قازانجەکانیان کەم نەبێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سوودانی پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ جووتیاران دووپاتکردەوە، هەروەها پشتیوانی و بوژاندنەوەی کشتوکاڵ، لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، خزمەت و پێشکەوتن بۆ ئابووری عێراق دابین دەکات، لەبری ئەوەی پشت ببەستن بە ئابووری تاکلایەنە.